مەسرور بارزانی داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێم دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  173 جار خوێنراوەتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە پێویستیی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی دەکاتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنییەکان؛ ئاماژە بەوەش دەدات هەرێمی کوردستان وەک متمانەپێکراوترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هێرشانە هیچ پاساوێکیان نییە و هەرێمی کوردستان هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ دراوسێیەک؛ بۆیە داوای لە هاوڕێ ئەمریکییەکانی کرد هاوکار بن لە دابینکردنی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی خەڵک و ژێرخانی ئابووری، بەتایبەت دوای کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان.


سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی بە سەرکردەیەکی ڕاستگۆ و متمانەپێکراو ناو دەبات و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چەککردنی گرووپەکان دووپات دەکاتەوە. هیوایشی خواست هەموو لایەنە چەکدارەکان پێش وادەی 30ـی ئەیلوول پابەندی یاسا بن و چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن؛ چونکە هیچ لایەک نایەوێت وڵات بەرەو پێکدادانی سەربازی و پشێوی بڕوات و دەبێت بڕیاری پاراستنی سەروەری تەنیا لە دەستی حکومەتدا بێت.

لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و سووریا، مەسرور بارزانی جەختی لە هەبوونی پەیوەندیی مێژوویی و بەرژەوەندیی هاوبەش کردەوە. باسی لەوەش کرد هەرێمی کوردستان هاوڕای سیاسەتی ئیدارەی ترەمپە بۆ "بازرگانی نەک ململانێ"؛ دەیەوێت لەرێگەی ڕاکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کەرتەکانی وزە، کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا، سەقامگیریی ئابووری لە ناوچەکەدا بەهێز بکات. ئاماژەی بەوەش دا بەردەوامیی هێرشەکان ئاستەنگی بۆ گەشەی ئابووری دروست کردووە و دەبێت ژینگەی وەبەرهێنان بپارێزرێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران نائومێدیی خۆی لە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەربڕی کە زیاتر لە 20 مانگە پەکخراوە. داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی و بێنە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت؛ چونکە ئەم دواکەوتنە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خزمەتگوزارییەکان و بژێویی خەڵک دروست کردووە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد و پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ بڕیارەکانی واشنتن نیشان دا. هیوایشی خواست ئەم هەنگاوە بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکەدا دروست نەکات و جەختی کردەوە هەرێمی کوردستان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی فراوانتر بکات تاوەکو لە دەرەوەی هەماهەنگییە ئەمنییەکانیش، وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو بمێنێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە