پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی سکاڵا لەسەر چەند دادوەرێکی سلێمانی تۆمار دەکەن
59 خولەک پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگیی سکاڵایەکیان پێشکەشی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کرد و داوا دەکەن، سزای تووندی ئەو دادوەرانە بدرێت کە بە پاڵنەری حزبی ڕێگری لە گواستنەوەی پەڕاوی دۆسیەکە لە سلێمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکەن.
سامان حەمە ئەحمەد، بەناوی دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 19-8-2026، دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی شێخ لاهور و دەستگیرکراوانی لالەزار لە هەولێر بە فەرمی سکاڵایەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کرد "تێیدا داوای سزادانی تووندی ئەو دادوەرانە دەکەن کە بە پاڵنەری حزبی دەستوەردان لە یاسادا دەکەن و ڕێگری لە گواستنەوەی پەڕاوی دۆسیەکە دەکەن.
هاوکات داواکارییە سەرەکییەکانیان بریتییە لە کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی حزبی لە کاروباری داداگا، بەنیشتمانیکردنی دەزگا ئەمنییەکان، گەڕانەوەی بێلایەنی بۆ دادگاکان، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و سزای تووند بەرامبەر ئەو دادوەرانەی ڕێگری لە جێبەجێکردنی یاسا دەکەن لەم دۆسیەیەدا.
دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار داواکارییەکیان پێشکەش بە سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دادوەرییەکان و ڕای گشتی کرد و تێدا هاتووە، "دادگاکان بوونەتە ئامرازی سەرکووتکردن و ململانێی حزبی".
ئاماژە بەوەشدەکەن"ئەوەی لە ڕووداوەکانی لالەزاردا ڕووی دا و ئێستاش پەکخستنی ئەنقەستی ڕێکارە یاساییەکان، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ بە حزبیکردنی دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان".
دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار رایگەیاند، ڕەوشی تەندروستیی لاهوور شێخ جەنگی باشە، بەڵام لەڕووی دەروونییەوە باش نییە و نائارامە، چونکە وەک بارمتەیەکی سیاسیی سەیر دەکرێت و چارەنووسی دیار نییە، بەوپێیەی نزیکەی یەک ساڵە دەستگیراکراون و دۆسیەکەی ڕووبەڕووی هیچ دادگایەک نەکراوەتەوە.
نزیکەی ساڵێک بەسەر هێرشکردنە سەر لالەزار تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەش دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی چەندین داواکارییان پێشکەش بە دادگاکان کردووە بەمەبەستی پابەندبوون بە یاسا و بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیان. سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان داوای گواستنەوەی دۆسییەکەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر کردووە، بەڵام بەشێک لە دادوەرەکان ڕێگری دەکەن، کە وەک پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی دەڵێن، "ئەمە پێشێلکارییەکی یاساییە و ڕێگری لە سەروەری یاسا دەکات".
|