قالیباف لەبەغداوە: بەرەی موقاوەمە بەراورد بە رابردوو بەهێزتر بووە

51   خولەک پێش ئێستا  23 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەغدایە و دەڵێت، بەراورد بە رابردوو ''بەرەی موقاوەمە'' لە عێراق و ناوچەکە بەهێزتر بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران لە جەنگدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دەستپێکی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەردانی شوێنی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد.

محەممەد باقر قالیباف لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و شوێنی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس رایگەیاند: ''ئەم شوێنە هێمایەکی گرنگە لە مێژووی ناوچەکە و دەرخەری هاوبەشییەکانی گەلانی عێراق و ئێرانە.''

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لە ''بەهێزی''ـی بەرەی موقاوەمە کرد لە عێراق و ناوچەکە و وتی: ''کوژرانی قاسم سولەیمانی رێگر نەبوو لە بەهێزتربوونی بەرەی موقاوەمە ئێستاش پێویستە چاوێک لە دۆخی ناوچەکە بکرێ، دەزانن کێ لە جەنگدا سەرکەوتوو بووە.''

قالیباف ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند، سەردانەکە هاوتەریبە لەگەڵ پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەموو وڵاتانی ناوچەکە ''بەبێ دەستوەردان''ـی وڵاتە دەرەکییەکان.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردانەکەیدا لەگەڵ پەرلەمانتاران، بەرپرسانی حکومەتی عێراق و کەسایەتییە سیاسی، کولتووری و ئابوورییەکان کۆدەبێتەوە.

قالیباف لەگەڵ هەیبەت حەلبوسی سەرۆک کۆماری عێراق و نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوویەوەو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی عێراقیش کۆدەبێتەوە.

سەردانەکەی قالیباف لەکاتێکدایە، ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ و رۆژی دووشەممە 17ـی ئابی 2026، ماوە 60 رۆژییەکەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان واژۆ کرابوو، کۆتاییهات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە