پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەنێرێتەوە پەرلەمانی عێراق
49 خولەک پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی عێراق جارێکی دیکە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەنێرێتەوە پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی تاوتوێکردنی، کە لە خولی پێشوودا لە قۆناخی دەنگداندا کشێنرایەوە.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە: "بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی رەوانەی پەرلەمان بکات بەمەبەستی تاوتوێکردن و پەسندکردنی."
بەوتەی مازن غەریب، ناردنی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ پەرلەمان بۆ رازیکردنی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبییە.
ئەو پڕۆژەیاسایە لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا، بەڵام پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت لەلایەن حکومەتەوە کشێنرایەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی 11ی ئابی لیژنەکەیان لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، پێی راگەیاندوون کە بەم نزیکانە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبى رەوانەی پەرلەمان دەکات.
شێروان دووبەردانی وتی: تا ئێستا دیار نییە کە حکومەت هەمان پڕۆژەیاسای پێشوو دەنێرێتەوە یان دەیگۆڕێت.
پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2016 یاسایەکی بۆ دەستەی حەشدی شەعبی دەرکرد، بەڵام دواتر بڕیاردرا کە یاساکە بگۆڕدرێت بە شێوەیەک کە خزمەت و ئیمتیازات و دەسەڵاتی ئەو دەستەیە دیاری بکات، بەڵام پڕۆژەیاساکە لە خولی رابردوودا نەگەیشتە ئاستی دەنگدان.
|