ریال بردییەوە و خاڵ لەدەستدانی سیتی و بایرن بەردەوامە
2025-03-16
153 جار خوێنراوەتەوە
یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی کاتیی پێشەنگی ریزبەندی لالیگای بەدەستهێنایەوە پاش بردنەوە لە ڤیاریال. لە ئینگلتەرا خاڵ لەدەستدانەکانی مانچێستەر سیتی درێژەیان هەیە و لە ئەڵمانیاش بەشێکی زۆری گەورەکان کەوتن.
ریال گەڕایەوە پێشەنگ
لە رکابەرییەکانی هەفتەی 28ی لالیگا، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، بووە میوانی ڤیاریال و سەرکەوتنێکی زەحمەتی بە 2 - 1 گۆڵ بەدەستهێنا.
ئەگەرچی ڤیاریال هەرزوو لە خولەکی حەوت و لە رێگەی خوان فۆیسەوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام ریال مەدرید پەرچەکردارێکی تووندی پێشاندا و کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 17 ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەرلەوەی لە خولەکی 23 گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆماربکات.
گێمی دووەمی یارییەکە بەهەمان ئەنجام مایەوە، ئەگەرچی ڤیاریال هەوڵی زۆری بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەدا.
ریال مەدرید بەشێوەیەکی کاتیی پێشەنگی خولی لالیگای بەدەستهێنایەوە بەکۆکردنەوەی 60 خاڵ و بەجیاوازیی دوو خاڵ لە بارسێلۆنا کە دوو یاریی کەمتر ئەنجامداوە و ئەمڕۆ رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە.
دوای یارییەکە، کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید هێرشی تووندی کردە سەر دەستەی سەرپەرشتیارانی لالیگا، بەهۆی ماندووبوونی زۆری یاریزانەکانییەوە.
ئەنچێلۆتی گوتی، دووجار داوای دواخستنی کاتی یارییەکەمانکرد، بەڵام کەس گوێی لێنەگرتین، یاریزانەکانمان زۆر ماندوون و جارێکی دیکە بێ وەرگرتنی کەمتر لە سێ رۆژ پشوو، یاریی ناکەین.
لە یارییەکانی دیکەی هەمان هەفتەدا، ڤایادۆلید 0 - 1 بە سێلتاڤیگۆ دۆڕا. ریال مایۆرکا 2 - 1 لە ئیسپانیۆلی بردەوە.
سیتی لە خاڵ لەدەستدان بەردەوامە
لە ئینگلتەرا، رکابەرییەکانی هەفتەی 29ی پرێمەرلیگ دەستیپێکرد و مانچێستەر سیتی جارێکی دیکە دوو خاڵی لەدەستدا.
سیتی لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی برایتۆنی کرد، بە 2 - 2 لەگەڵی یەکسانبوو.
لە یارییەکانی دیکەی هەمان رۆژدا، ئیڤێرتۆن لەگەڵ وێستهام بەگۆڵێک یەکسانبوو. ئیپسویچ تاون لە یاریگەی خۆیدا بە نۆتێنگهام دۆڕا 2 - 4 گۆڵ. ساوسامپتۆن بە ولڤەرهامپتۆن دۆڕا 1 - 2 گۆڵ و بۆرنمۆوس 1 - 2 بەبرێنتفۆرد دۆڕا.
پێپ گواردیۆلا دوای یارییەکە گوتی، متمانەم بەتیپەکەم هەیە لە کۆتاییدا دەگەینە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو.
بایرن یەکسانبوو و دۆرتمۆند دۆڕا
لە ئەڵمانیا، لە گەڕی 26ی بۆندێسلیگادا، بایرن میونشن کەوتە داوی یەکسانبوونەوە لەگەڵ یونیەن بەرلین بەگۆڵێک. لە کاتێکدا بۆرووسیا دۆرتمۆند لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە لایپزیگ دۆڕا بە دووگۆڵی بێبەرامبەر.
ڤینسینت کۆمپەنی، راهێنەری بایرن میونشن دوای یارییەکە گوتی، ئاستێکی خراپمان پێشکێش نەکرد.
میلان گەڕایەوە بۆ بردنەوە
لە سێری ئا، لە رکابەرییەکانی هەفتەی 29ی خولەکەدا، میلان لە کومۆی بردەوە بە 2 - 1 گۆڵ.
رووداوی جێگەی سەرنج لە یارییەکەدا، بەشداریکردنی دەیلی ئالی بوو بۆ یەکەمجار بەدرێسی یانەی کومۆوە، بەڵام ئەو یاریزانە تەنیا پاش دە خولەک لە هاتنە نێو یاریگە، بەکارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانەوە کرایە دەرەوە.
لە کاتێکدا مونزا لەگەڵ پارما 1 - 1 یەکسانبوو و هیلاس ڤیرۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و بەگۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئۆدینێزی بردەوە.
|