راهێنەری دۆرتمۆند پەیامی بۆ بارسێلۆنا هەیە

2025-03-13  157 جار خوێنراوەتەوە

نیکۆ کۆڤاچ، راهێنەری یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، دڵخۆشیی گەورەی خۆی بەپەڕینەوەی تیپەکەی بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ دەربڕی، پاشئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە 2 - 1 گۆڵ لە لیلی فەرەنسی بردەوە.
 
یاریی چوونی نێوان هەردوو یانە بە گۆڵێک بۆ هەر یانەیەک، کۆتایی هاتبوو.
 
لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، بۆرووسیا دۆرتمۆند رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە کە بەبەربژێری سەرەکیی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ دادەنرێت.
 
کۆڤاچ، پاش پەڕینەوەی تیپەکەی گوتی، تیپەکەمان ئاستێکی باشی پێشاندا و وزەی زۆری هەبوو. ئەمە سەرکەوتنێکی شایستەبوو، ئێمە لە بەدەست بێبەختییەوە ناڵاندمان کە بەهۆیەوە لە ئەنجامدا دواکەوتین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تیپەکە درێژەیدا بە کۆنترۆڵکردنی یارییەکە و سێ هەلی لەسەداسەدی دروستکرد بۆ گۆڵکردن.
 
راهێنەری دۆرتمۆند هەروەها دەڵێ، "ژمارەیەکی بێشوماری هەلمان لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان دروستکرد، ئەمەش کوالیتیی تیپەکەمانی دەرخست و دووپاتیکردەوە تیپەکە بۆ ئەو جۆرە یارییانە دروستبووە، بەڵام بارسێلۆنا لە زۆر رووەوە لە پێش ئێمەیە و دەبێ بەباشترین شێوە سوود لە کۆنترۆڵی تۆپ وەربگرین".
 
کۆڤاچ زیاتر باسی یاریی داهاتووی تیپەکەی بەرامبەر بارسا لە چامپیۆنزلیگ کردووە و دەڵێ، "ئەگەر بەرامبەر بارسێلۆنا تۆپمان لانەبێت، دەبێ بەباشی بەرگری بکەین، ئێمە یاریزانی خێرا و بەتوانا و ئازاردەرمان هەیە بۆ هەر تیپێک هەیە".
 
راهێنەری دۆرتمۆند دەڵێ، "بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونیەوە قسەم لەگەڵ هانزی فلیک کرد و باسمان لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی نێوانمان کرد، ئێمە بەجۆشین بۆ رووبەڕووبوونەوەکە".
 
کۆڤاچ هەروەها دەڵێ، "دەکرێ تیشک بخەینە سەر هەموو یاریزانان، گرنگ نییە ناوی هیچ یاریزانێک بهێنین، چونکە ناهەقییە بەرامبەر ئەوانیدیکە، بەڵام دەتوانم بەرامبەر لیل، باشترینی یارییەکە هەموو تیپەکەمان بوو".
 
یارییەکانی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ لە رۆژانی 8 و 9ی مانگی داهاتوو ئەنجامدەدرێن و یارییەکانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 15 و 16ی هەمان مانگ ئەنجامدەدرێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە