ئەردۆغان و عەلی زەیدی جەخت لە تەواوکردنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکەنەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
19 جار خوێنراوەتەوە
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەنقەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر پتەوکردنی هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئاسایش، ئاو، وزە و گواستنەوەدا کرد.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە وەک راگەیێندراوی هاوبەشی عێراق و تورکیا بڵاوکراوەتەوە، هەردوولا پێداگرییان لەسەر گرنگیی پاراستنی سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە و یەکپارچەیی خاکەکەیان کردەوە.
سەرکردەکانی هەردوو وڵات پێداچوونەوەیان بەو هەنگاوانەدا کرد کە بەشدارن لە گۆڕینی ویستی سیاسیی هاوبەش بۆ ئەنجامی بەرجەستە لە بوارەکانی ئاو، بازرگانی، کشتوکاڵ، وەبەرهێنان و پیشەسازیی بەرگری. هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندی لە هەردوو بواری وزە و گواستنەوەدا کردەوە لە رێگەی پەرەپێدانی خێرای پرۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) بە مەبەستی دابینکردنی سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری لە ناوچەکەدا.
هەروەها بڕیاردرا گفتوگۆی زیاتر بکرێت بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی گشتگیر بۆ هاوکاری لە بواری وزەدا، کە یارمەتیدەر دەبێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزەی هەردوو وڵاتدا.
دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی سەردانی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە
بە بانگهێشتی فەرمیی ئاراستەکراو بۆ بەڕێز عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی کۆماری عێراق، بەڕێزیان رۆژی سێشەممە، 28ی تەممووزی 2026، سەردانێکی فەرمی بۆ کۆماری تورکیا ئەنجامدا، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سیاسی، ئەمنی و ئابووری لەخۆگرتبوو.
لە سەردانەکەدا سەرۆکوەزیران گفتوگۆی گشتگیری لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجامدا، کە تێیدا باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسە نێودەوڵەتییە جێی بایەخی هاوبەش کرد. ئەم دیدار و کۆبوونەوانە لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەچوون کە لێکتێگەیشتن، متمانەی دوولایەنە و دراوسێیەتیی باش تایبەتمەندی بوو؛ هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر ویستی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم رێبازە بنیاتنەرە و بەهێزکردنی هاوکاریی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
سەرۆککۆمار ئەردۆغان پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە هەوڵەکانیدا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەسەندن لە عێراق. لە بەرامبەردا، بەڕێزیان سوپاسی سەرۆککۆمار ئەردۆغانی کرد بۆ ئەم بانگهێشتە هێژایە و پێشوازیی گەرمیان، هاوکات دەستکەوت و ئەنجامە سەرکەوتووەکانی ئەم سەردانەی بەرز نرخاند.
هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بە ئاستی ئێستای پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دەربڕی و جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، لە رێگەی پەیوەندیی رێکخراو و بەردەوام لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن. هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی ئەنجوومەنی هاوکاریی ستراتیژیی ئاستباڵا، گرووپی پلاندانانی هاوبەش و لیژنە هەمیشەییە هاوبەشەکان کە بە مەبەستی دابینکردنی چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی و ستراتیژی بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دامەزراون، هەروەها رێککەوتن لەسەر سازدانی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوکاریی ستراتیژیی ئاستباڵا لە بەغدا، لە کاتێکدا کە دواتر لە نێوان هەردوولادا رێککەوتنی لەسەر دەکرێ.
هەروەها هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی بنەمای یاسایی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە رێگەی تەواوکردنی رێکارەکانی پەسندکردنی رێککەوتننامە هەڵپەسێردراوەکانی پێشوو، واژۆکردنی بەڵگەنامەی نوێ لەو بوارانەی کە توانای زیاتری هاوکارییان تێدایە، وێڕای بەهێزکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتننامە واژۆکراوەکان و چالاککردنی کارەکانی لیژنە هاوبەشەکان.
لە چوارچێوەی هاوکاریی ئەمنیشدا، هەردوولا پێداگرییان لەسەر گرنگیی پاراستنی سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە، ئاسایش، یەکپارچەیی خاک و یەکێتیی سیاسییان کردەوە، بەو شێوەیەی کە بەشدار بێت لە چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەکە. سەرۆککۆمار ئەردۆغان سوپاسی حکومەتی عێراقی کرد بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، هەروەها دانوستاندنیان لەسەر ئەو رێوشوێنە هاوبەشانە کرد کە پێویستە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشدا بگیرێنەبەر، بەتایبەتی بە گرنگیدان بەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی هەڕەشە لە ئاسایشی هەردوو وڵات دەکەن. لایەنی عێراقی جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاریی دوولایەنە و هاوئاهەنگی ئەمنیی هاوبەش کردەوە بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەروەریی هەردوو وڵاتی هاوسێ بپارێزێ و خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە بکات.
لە دیدارەکەدا چاوخشێندرا بەو هەنگاوانەی کە گەرەنتیی گۆڕینی ویستی سیاسیی هاوبەشی هەردوو وڵات دەکەن بۆ ئەنجامی بەرجەستە، بە شێوەیەک کە هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئاو، وزە، بازرگانی، کشتوکاڵ، گەیاندنی ناوچەیی، گواستنەوە، پیشەسازیی بەرگری، وەبەرهێنان و پەروەردە بەهێزتر بکات. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندی لە هەردوو بواری وزە و گواستنەوەدا کردەوە لە رێگەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانەوە، کە بەشدارە لە چەسپاندنی سەقامگیری و بووژانەوە لە ناوچەکەدا، هاوکات پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە زووترین کاتدا دووپاتکردەوە، وێڕای پێداگرییان بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی گشتگیر بۆ هاوکاری لە بواری وزەدا، کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەردوو وڵاتدا.
هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بە نزیکبوونی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەکە دەربڕی و رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی نزیک لەسەر ئەم پرسانە، بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی پرسی فەلەستین، وێڕای پابەندبوونیان بە بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییە برایانەکانیان لەگەڵ سووریا، لە رێگەی پشتگیریکردنی لە یەکێتی، یەکپارچەیی خاک و سەروەرییەکەی، و بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی هەمەلایەنە تێیدا، بەو شێوەیەی کە بەشدار بێت لە فراوانکردنی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا.
هەروەها رێککەوتن لەسەر سازدانی ئاهەنگی یادکردنەوەی سەدەیەک بەسەر دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی داهاتوودا، لە رێگەی رێکخستنی چالاکی و سەردانی دوولایەنەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران
28ی تەممووزی 2026
|