گەڕانەوەی رافینیا بۆ بەرازیل، بارسێلۆنای تۆقاندووە

45   خولەک پێش ئێستا  25 جار خوێنراوەتەوە

بەرپرسان و راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، ترسی گەورەیان لە گەڕانەوەی رافینیا بۆ بەرازیل و بەشداریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە سێ یاریی دۆستانەی داهاتوو، هەیە و هەست بەدڵەڕاوکەی گەورە دەکەن.

میدیای ئیسپانیا دەڵێن، گەشتە دوورودرێژەکەی رافینیا، لەپێناو دەرکەوتن بەدرێسی بەرازیلەوە بۆ سێ یاریی دۆستانە بەرامبەر ئوسترالیا (دوو یاری) و هیندستان، حاڵەتێکی دڵەڕاوکەی روونی لە بارسێلۆنادا دروستکردووە.

رافینیا سەرەتایەکی ناوازەی لە وەرزی ئەمساڵ لەگەڵ یانەکەی هەبووە، بەتۆمارکردنی 14 گۆڵ لە کۆی هەشت یاریی یانەکە، لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، بووەتە جێگای سەرنجی هەمووان.

ئەوەی هێرشبەرە بەرازیلییەکەی بەرەو تەقینەوەی تواناکانی بردووە، یارییکردنیەتی لە نێو سندووقی تیپی بەرامبەر کە هەلی گۆڵکردنی زۆری بۆ دەخولقێنێت.

رافینیا پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگای گرتووە بەتۆمارکردنی 12 گۆڵ و لە دوایین یاریی یانەکەیدا لە خولەکە بەرامبەر سێڤییا، ئەو یاریزانە هاتریکی تۆمارکرد.

رۆژنامەی 'سپۆرت'ی ئیسپانی دەڵێ، رافینیا ناچارە کۆی 34 هەزار کیلۆمەتر ببڕێت، لەپێناو ئەنجامدانی دوو یاریی دۆستانە لە ئوسترالیا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە و یاریی سێیەم لە هیندستان.

دوایین بەشداریی رافینیا لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیالی 2026، بەپێکانی ئەو یاریزانە کۆتایی هات.

رۆژنامەکە دەڵێ، هەموو شتێکی رافینیا مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە بۆ هانزی فلیک، بەڵام ئێستا ترس و دڵەڕاوکەی گەورە لە چارەنووسی ئەو یاریزانە هەیە، بەتایبەت لە ئەگەری تووشبوونی بەپێکان، کە کاریگەریی گەورە لەسەر تواناکانی بارسێلۆنا دروستدەکات.

رۆژنامەکە دەڵێ، ئێستا کارلۆ ئەنچێلۆتی و هەوڵەکانی بۆ رێکخستنەوەی بەرازیل، لە پاش شکستی مۆندیال، گەورەترین هەڕەشەیان لەسەر ئەو یاریزانە دروستکردووە.

وەک رۆژنامەکە دەڵێ، "گەشتەکەی رافینیا بۆ ئوسترالیا و پاشان هیندستان و دواتر گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا، ماندووبوونێکی زۆر دووچاری ئەو یاریزانە دەکات، لە کاتێکدا بەشداریکردن و نەکردنی رافینیا، هیچ ناگۆڕێت، چونکە یارییەکان دۆستانەن".

بەپێی ئەوەی 'سپۆرت' ئاشکرایکردووە، رافینیا لەو گەشتە درێژەدا، لە بارسێلۆنا بۆ ئوسترالیا، پاشان چوونە هیندستان و دواتر گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا، کۆی 34 هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت، کە نزیکەی هێندەی یەکجار سووڕانەوەی تەواوە، بەچواردەوری گۆی زەویدا.

هەڵبژاردەی بەرازیل رۆژانی 25 و 29ی ئەم مانگە، دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر ئوسترالیا ئەنجامدەدات، دواتر لە سێی مانگی داهاتوودا رووبەڕووی هیندستان دەبێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە