ڕێوڕەسمى ڕاگەیاندنى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بەڕێوەچوو
42 خولەک پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ رێوڕەسمی راگەیاندنی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەڕێوەچوو و وەزیری پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند: پڕۆسەی یەكگرتنەوەی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری نیشتمانی و سەركردایەتی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی و سەردەمیانە كۆتایی هات و لەمەودوا هێزەكانی پێشمەرگە یەك فەرماندە و بڕیاری دەبێت.
بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و فەریقی یەكەم عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، رێوڕەسمی راگەیاندنی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت.
لەسەرەتای مەراسیمەكەدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: لەم پڕۆسەیەدایە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووینەوە و لەمەودوا هێزەكانی پێشمەرگە یەك فەرماندە و بڕیاری دەبێت.
راشیگەیاند: بە شانازییەكی زۆرەوە و بە ئەمانەتێكی مێژووییەوە بە هەموو جیهان و گەلی خۆشەویستی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان ڕادەگەیەنین كە پڕۆسەی یەكگرتنەوەی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری نیشتمانی و سەركردایەتی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی و سەردەمیانە كۆتایی هات.
هەر لە ڕێوڕەسمەكەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ رۆژێكی مێژوییە بۆ پێشمەرگەو كوردستان و سوپاسی قوباد تاڵەبانی دەكەین بۆ هەوڵەكانی لە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و ئاماژەى بە ئەوەشدا: پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ململانێی سیاسی و ناوخۆیی بەكارنەهێندرێت.
هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: كوردستان پێویستی بە یەك هێز و فەرماندە و وەزارەت هەیە.
ئەوەى خستەڕوو: بەم هەنگاوە گرنگە ئیتر هیچ هێزێک لە دەرەوەى پەیکەرى وەزارەتى پێشمەرگەدا نامێنێتەوە.
|