تۆمارکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە سیستەمی پەیڕۆڵ دەستیپێکرد

47   خولەک پێش ئێستا  21 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستی بە ڕێکارەکانی ئەنجامدانی بایۆمەتری و تۆمارکردنی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست لە سیستەمی پەیڕۆڵ کرد.

دوای دەرچوونی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە ئەنجامدانی بایۆمەتری بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست و تۆمارکردنیان لە سیستەمی پەیڕۆڵ، وەزارەتی دارایی دەستی بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان کردووە.

نووسراوەکە لە ڕێکەوتی 10-06-2026 لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کراوە، و دواتر لە 21-07-2026 لە وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بۆ بەشی دیوان و ژمێریاری بەمەبەستی بەدواداچوون و دەستپێکردنی ڕێکارەکانی تۆمارکردنیان.

لە ئێستادا ژمارەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست دەگاتە 86 هەزار و 731 کەس کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت. ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەنگاوە، یەکخستنی داتاکانیان و بەدیجیتاڵکردنیانە تاوەکو هاوشێوەی مووچەخۆرانی هەمیشەیی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا، دەستەی نوێنەرانی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست چەندین داواکارییان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە بۆ ئەوەی بکرێنە هەمیشەیی. تۆمارکردنیشیان لە سیستەمی پەیڕۆڵ وەک کارئاسانییەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پرۆسەی بەهەمیشەییکردنیان هەژمار دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە