ئێران: هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە

57   خولەک پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، رێگە بە ئەمریکا نادەن یەکلاییکەرەوەی ئاشتی یان جەنگ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێداگرن لەسەر بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆم.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا باسی لە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، "ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە نیگەرانییەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمانە."

بەوتەی ئیسماعیل بەقایی، ئێران هیچ کات رێگە نادات ئەمریکا سەبارەت بە دانوستاندن، جەنگ یان ئاشتی بڕیار بدات، "تاوەکو ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانمان بخوازێ، بەرگری دەکەین. هەر کاتێکیش هەست بەوە بکەین دەتوانین دیپلۆماسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی بەکاربێنین، ئەوە سوودی لێ وەردەگرین."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە ئێران داوای دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی لە ئەمریکا کردبێت و دەڵێت، "دانوستاندنی راستەوخۆش لەگەڵ ئێمە ناگونجێ، بەڵام لایەنی بەرامبەر ناوەناوە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکاتەوە."

ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هیچ دانوستاندنێک لەنێوان تاران و واشنتن لە ئارادا نییە و گوتی، "دانوستاندنی ئێمە لەگەڵ عومانە و لەسەر میکانیزمی پێویست بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا چڕکراوەتەوە."

رۆژانی هەینی و شەممەی رابردوو، چەند گەڕێکی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و عومان لەسەر ئاستی یاریدەدەرانی وەزیرانی دەرەوە لە تاران بەڕێوەچوو کە بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوەکە بە "ئەرێنی و بەرهەمدار" دەزانن.

وەک وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە گفتوگۆکانی تاران و مەسقەتدا دانانی میکانیزمێکی پارێزراو بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا تاوتوێ کراوە.

لە بەشێکی قسەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەو کەشتییە کرد کە بەگوتەی خۆیان لەلایەن ئۆکرایناوە لە دەریای قەزوێن تێکشکێندراوە و گوتی، "ئەو کردەوەیەی ئۆکراینا نایاسایی بوو، هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و بەتەواوی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."

رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئەوان لە دەریای قەزوێن کە لە ئەنجامدا دەریاوانێک کوژراوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە. بەقایی گوتی، "ئەو هەنگاوە سەرکێشییەکی مەترسیدار بوو و بێگومان لەلایەن ئێمەوە بێوەڵام نامێنێتەوە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رووی قسەکانی کردە ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئۆکراینا و گوتی، "دەبێ گەورەکانی زیلینسکی [سەرۆکی ئۆکراینا] کۆنترۆڵی بکەن و هۆشیاریش بن کە لێکەوتەی کردەوەکانی ئەو وڵاتە، ناوچە جیاجیاکانی جیهانیش دەگرێتەوە."

ئیسماعیل بەقایی هەڕەشە لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپاش دەکات کە پێویستە بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکە، ئۆکراینا وەڵامدەر بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکراینا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگیی رووسیا و چەند کەشتییەکی دیکەش کە بۆ گواستنەوەی باری سەربازیی پەیوەست بە ئێرانەوە لە دەریای قەزوێندا بەکارهێندراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە