213 ملیار دینار و 12 ملیۆن دۆلار لە دۆسیەی جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستبەسەرداگرتنی ٢٧ ملیار دیناری عێراقی لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان راگەیاند، جومەیلی پارەکانى لای چەند کەسێک شاردرابوونەوە و لێکۆڵینەوەکانیش بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم تێوەگلاوان بەردەوامن.
دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنى چەند ملیار دینارێکى دیکەى پارەى دزراوى وڵات لە لایەن عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی دۆسیەی تۆمەتباری ڕاگیراو عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان و لایەنە تێوەگلاوەکانی دیکە؛ دەست بەسەر ٢٧ ملیار دیناری عێراقیدا گیراوە.
ئەوەشی خستەروو، لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی داهاتە داراییەکانی پەیوەست بە بەهەدەردانی پرۆژە جێبەجێکراوەکانی تۆمەتبار و لایەنەکانی دۆسیەکە، توانرا دەست بەسەر ئەم بڕە پارەیەدا بگیرێت، هەروەها پارەکان لای چەند کەسێک شاردرابوونەوە و لێکۆڵینەوەکانیش بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم تێوەگلاوان بەردەوامن.
دۆسیەی عەدنان جومەیلی یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی لە عێراق دادەنرێت، کە لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیر کرا.
دادگا دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 213 ملیار دینار و 12 ملیۆن دۆلاری پەیوەست بەم دۆسیەیە راگەیاندبوو، هاوکات دانپێدانانەکانی جومەیلی بووەتە هۆی ئاشكراکردنی تۆڕێکی فراوانی گەندەڵی و دەستگیرکردنی دەیان بەرپرس و پەرلەمانتار لە چوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتدا.
|