لە هەرێمی کوردستان هۆشداری لەبارەی نەخۆشیی شەکرە دەدرێت
13 کاتژمێر پێش ئێستا
387 جار خوێنراوەتەوە
لە هەرێمی کوردستان ساڵ بەساڵ ئاماری نەخۆشییەکانی شەکرە ڕوو لەبەرزبوونەوە دەکەن، جاران نەخۆشییەکە زیاتر لە ناو کەسانی بەتەمەن بڵاوبوو، بەڵام لەم چەند ساڵەدا بەرۆکی گەنجان و منداڵانیشی گرتووە، بەڕێوەبەری سەنتەری شەکرە لە هەولێر دەڵێت، ئامارەکانی ئەو نەخۆشییە ڕوویان لەبەرزبوونەوە کردووە و دۆخەکە بەمشێوەیە بێت گەنجان لە تەمەنی 25 ساڵی بەڕێژەیەکی زۆر توشی ئەو نەخۆشییە دەبن.
مەهدی حەمەئەمین، بەڕێوەبەری سەنتەری گەلیاوای فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان بە میدیاکانی وتووە، لەهەولێر و دەورووبەری لەماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا 44 هەزار کەس تووشی نەخۆشی شەکرە لە جۆری دووەم بوون، 16 هەزار منداڵیش تۆمارکراون تووشی جۆری یەکەمی نەخۆشییەکە بوونە، هەشت هەزار و 500 ئاوارە و پەنابەریش تووشی جۆری یەکەم و دووەمی نەخۆشییەکە بوونە.
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئامارەکە زۆر لەوە زیاترە و لەکوردستان بەرەو زیادبوونە، چونکە بەشێک لە نەخۆشەکان خۆیان لە سەنتەرەکان تۆمار ناکەن دەشڵێت، لە دوو دەیەی ڕابردوو لەهەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتیی نەخۆشەکان لە تەمەنی نێوان 55 بۆ 60 ساڵی تووشی شەکرە دەبوون، بەڵام ئێستا تەمەنەکانی نێوان 35 بۆ 40 ساڵان تووش دەبن، هۆشداری لەوەش دەدات نەخۆشییەکە لەناو گەنجان بڵاوە و دۆخەکە بەمشێوەیە بڕوات گەنجان لە تەمەنی 25 ساڵی بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.
مازیا جەبار، سەرۆکی کۆمەڵەی نەخۆشانی شەکرە رایگەیاند، لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ئامارێکی دروست بۆ تووشبوانی ئەو نەخۆشیە لەبەردەست نییە، بەڵام بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێڕاق، 14%ـی دانیشتووانی عێڕاق تووشی نەخۆشی شەکرەبوونە بۆ تەمەنی پێگەیشتووان کە تەمەنییان لەنێوان 18 بۆ 75 ساڵاندایە.
هەڵکشانی ئامارەکان و زیادبوونی مەترسییەکانی نەخۆشی شەکرە، بەرپرسانی تەندروستی کۆکردەوە بۆ بەستنی یەکەمین كۆنفرانسی زانستیی کوێرەڕژێن و شەکرە، کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بوو ئەمڕۆ کۆتایی هات، لەلایەن کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی شەکرەی کوردستان و سەنتەری فێرکاری گەلیاوە بۆ شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە هەولێر ڕێکخرابوو، چەندین دانیشتن و وۆرکشۆپ بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون و بابەتی گرنگی زانستی بە بەشداریی بەرفراوانی پزیشکانی پسپۆر، توێژەران و زانایانی بواری هۆرمۆن و شەکرە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پێشكەش کران.
پزیشکانی پسپۆری وردی نەخۆشییەکانی شەکرە هۆکارەکانی ئەو نەخۆشییە دەگێڕنەوە بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی ڕۆژانە، کواڵێتی و بڕی خواردن، زیادبوونی کێشی لەش و کەمی و خراپی کوالێتی خەو.
|