ئێران دوو کەشتی دیکەی لە گەرووی هورمز کردە ئامانج

13   کاتژمێر پێش ئێستا  218 جار خوێنراوەتەوە

سوپای پاسداران بڵاویکردەوە دوو کەشتی نەوت هەڵگری سەرپێچیکار لە ڕێڕەوە نائارامەکەی گەرووی هورمزدا ڕووبەڕووی ڕووداو بوونەتەوە و دوو کەشتی دیکەش لە بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێڕەوە نائارامە پەشیمان بوونەتەوە

دەقی راگەیەندراوی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران:

چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، چوار کەشتی سەرپێچیکار بە سەرکێشی و پاڵپشتی تیرۆریستانی ئەمریکی، لە ڕێگەی کوژاندنەوەی سیستمەکانی ڕێدۆزی و گوێپێنەدان بە هۆشدارییەکانی بنکەی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، بەتەما بوون بشێوی دروست بکەن و لە ڕێڕەوێکی نائارامەوە لە گەرووی هورمز بچنە دەرەوە؛ لە ئەنجامدا دوو دانەیان ڕووبەڕووی ڕووداو بوونەتەوە و لە شوێنی خۆیان وەستێندراون، دوو کەشتییەکەی دیکەش لە بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوەکە پەشیمان بوونەتەوە.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایدەگەیەنێت کە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر دەستی ئەم هێزەدایە و تاکە ڕێڕەوی تێپەڕبوونی ئارام، ئەو ڕێڕەوەیە کە دیاریکراوە و ڕاگەیەندراوە. وەک پێشتریش وتراوە، هیچ دڵۆپە نەوت، گاز و پەینێکی کیمیایی بەبێ هەماهەنگی و مۆڵەت لە گەرووی هورمزەوە تێناپەڕێت.

ئەو کەشتیانەی کە دەکەونە ژێر کاریگەری قسەکانی دوژمنی ئەمریکی و دەچنە ناو ڕێڕەوە نائارامەکە، بێگومان ڕووبەڕووی ڕووداو دەبنەوە.



   ئەمانەش بخوێنەرەوە