وەزارەتی رۆشنبیری بۆ میدیاکان: پابەند نەبن بە رێنماییەکان لێپێچینەوەی دەکەین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
174 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، میدیاکان ئاگادار دەکاتەوە کە لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشە درۆنییەکان پابەندی یاسا بەرکارەکان بن و ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بپارێزن، هۆشداریش دەدات لە ئەگەری پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکان ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، گشتاندنێکی ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد و ئاماژەی بەوەکردووە: وەک ئاشکرایە،هەرێمی کوردستان لەم دۆخە ئەمنییە هەستیارەدا پێویستی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پشێوییەک، گشت کەناڵەکانی میدیای بینراو و بیستراو ئاگادار دەکەینەوە کە پێویستە لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشە درۆنییەکان و ڕووداوە ئەمنییەکاندا، بە تەواوی پابەندی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بن.
لە راگەیەندراوەکەیدا جەخت لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و پابەندبوون بە ڕێکارە پیشەییەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕووماڵی ڕووداوەکان نەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری و بەدووربوون لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری، وێنە، یان ڤیدیۆیەکی ناڕاست کە ببێتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان.
داواش دەکات، میدیاکان پابەندبن بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە رەسمییەکان و سەقامگیری بازاڕ و باری ئابووری بپارێزن.
لە کۆتایشدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری، هۆشداری لە کەناڵەکان دەدات، بەوەی هەر میدیایەک سەرپێچییەک لەم خاڵانەی سەرەوە و لەو بنەما یاساییانەی لە "رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2014"دا هاتووە بکات،ئەوە کەناڵەکە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە و ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
|