لە یەک ڕۆژدا هەرێمی کوردستان بە 10 مووشەک و 16 درۆن بۆردوومانکراوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  41 جار خوێنراوەتەوە

لە 24 کاتژمێری رابردوودا، هەرێمی کوردستان بە 10 مووشەک و 16 درۆن بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامیاندا لانیکەم نۆ کەس شەهید و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون.

لە شەوی 15ـی تەمموزەوە هێرشە درۆن و مووشەکییەکان دژی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی چڕکراونەتەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا سنووری سلێمانی بە 10 مووشەک و سێ درۆن بۆردوومان کراون، هەروەها شاری هەولێر بە 13 درۆن بۆردوومان کراوە.

هێرشەکانی 24 کاتژمیری رابردووی سەر کوردستان:

- شەوی 17ـی تەمموز، دوو جار و بە دوو درۆن، ناوچەی تاسڵوجە لە سلێمانی بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە لانیکەم دوو کەس بریندار بوون.

- شەوی 17ی تەممووز، بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر و هاوپەیمانان درۆنەکانیان لە ئاسمان تێکشکاند و زیانی گیانییان نەبوو.

- 17ـی تەمموز، درۆنێک نزیک ناحیەی ئاخجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کەوتە خوارەوە، جگە لە زیانی ژینگەیی، زیانی گیانی نەبوو.

- 17ـی تەمموز بە دوو مووشەک کەمی سوورداش لە سنووری سلێمانی بۆردوومان کرا.

- 17ـی تەمموز بە مووشەکێک کەمپەکانی ناحیەی سوورداش لە سلێمانی بۆردوومان کران.

- 17ـی تەمموز بە هەشت مووشەک هێرشکرایە سەر زڕگوێزەڵە لە سلێمانی و بەهۆیەوە نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران شەهید بوون و سێی دیکە بریندار بوون.

- بەرەبەیانی 17ـی تەمموز، بە هەشت درۆن هەولێر بۆردوومان کرا، لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون و زیانیان نەبووە.


هێرشەکانی ئەم مانگەی سەر هەرێمی کوردستان 

بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 18ـی تەمموز، هەرێمی کوردستان بە 40 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە.

لەم مانگەدا سنووری هەولێر بە 27 درۆن بۆردوومان کراوە، هەرچی سنووری پارێزگای سلێمانییە، لە هەمان ماوەدا بە 10 مووشەک و سێ درۆن بۆردوومان کراوە.

مانگی رابردووش هەرێمی کوردستان بە 13 درۆن و دوو مووشەک بۆردوومان کرا، لەو ژمارەیە نۆ درۆن و دوو مووشەکی بۆ سەر سنووری هەولێر بووە، هەروەها بە دوو درۆن سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دوو درۆنیش سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کراوەتە ئامانج.

کۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان

لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 18ـی تەمموز، هەرێمی کوردستان بە 913 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 30 شەهید و 140 بریندار هەن.

ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:

- پارێزگای هەولێر: 622 هێرش
- پارێزگاکانی سلێمانی: 258 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31  هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 هێرش

قوربانیانی هێرشەکان

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 30 کەس شەهید بوون، کە پێکدێن لە: حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ 18 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا بوو لە هەولێر.
 
بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن. 

هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و  ‎بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە