ئەمساڵ نزیکەی 5 هەزار کیلۆ زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمەوە هاوردە کراوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
230 جار خوێنراوەتەوە
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی پێنج هەزار کیلۆگرام زێڕ لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێمی کوردستان هاوردە کراون، کە زۆرترینی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بووە.
لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە 3هەزار و 800 کیلۆگرام و لە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی هەزار و 89 کیلۆ زێڕ هاوردە کراوە، بە گوێرەی داتاکانی عێراق بەراورد بە پار هاوردەی زێڕ 60٪ کەمیکردووە.
سەرهەنگ کەمال محەمەد، بە رووداوی راگەیاندووە، ئەم ساڵ 1089 کیلۆگرام زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی هاوردە کراوە، کە زۆرترین بڕی لە مانگی کانوونی دووەم بووە و 448 کیلۆگرام بووە، هەروەها مانگی شوبات 288 کیلۆگرام، مانگی ئادار 47 کیلۆگرام، مانگی نیسان 8 کیلۆگرام، مانگی ئایار 76 کیلۆگرام و مانگی حوزەیران 222 کیلۆگرام هاوردەکراوە.
بە گوتەی بەرپرسی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی سلێمانی، هیچ بڕە زێڕێکی هاوردە رەت نەکراوەتەوە.
هەروەها بەگوێرەی داتاکانی دارسان گۆڵد ئینتەرناشناڵ-DGI کە زێڕ، زیو و کانزاکان هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 14ـی حوزەیرانی 2026، زیاتر لە 3800 تۆن زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هاوردە کراوە.
کۆی گشتی ئەو زێڕەی لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەکە هاوردەکراوە، گەیشتووەتە چوار هەزار و 889 کیلۆگرام
بەگوێرەی ئامارەکانی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی سلێمانی، ساڵی 2024دا 12 هەزار و 926 کیلۆگرام و ساڵی 2025دا 4 هەزار و 181 کیلۆ زێڕ هاوردەی سلێمانی کراون.
لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی هاوردەی زێڕ، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، "هۆکاری یەکەم بەرزبوونەوەی نرخە کە خواستی لەسەر زێڕ کەمکردووەتەوە، دووەمیان جەنگی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل و داخرانی ئاسمانی عێراقە، هۆکاری سێیەم داخرانی ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە مانگی نیسانی 2023، کە وایکرد هاوردەی زێڕ لە تورکیاوە کەمبکات و زیاتر لە ئیماراتەوە هاوردە بکرێت."
|