ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم نیگه‌رانە له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی سودانی

2025-03-14  281 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سوریا بە ناوی عەبدوڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە لە چالاکییەکدا به‌هاوكاری هێزه‌كانیان کوژراوه‌، به‌ڵام لە ڕاگەیەندراوی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم نەدراوە، ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئه‌مشه‌و له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "دوای چەندین ساڵ بەدواداچون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سوریا بە ناوی عەبدوڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە لە چالاکییەکدا کوژرا". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئەو کردارەش دەرخەری ڕژدی ئێمەیە لە ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا".

له‌ ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتوه‌، "بەداخەوە لە ڕاگەیەندراوی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە، ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، "دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم ناوچەیەدا هەبوە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت و باشترە حکومەتی فیدڕاڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق".

محه‌مه‌د شیاع سودانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" بڵاویكرده‌وه‌، "عێراقییەکان بەردەوامن لە سەرکەوتنە سەرسوڕهێنەرەکانیان بەسەر هێزەکانی تاریکی و تیرۆردا، پاڵەوانەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق بە پشتیوانی و هەماهەنگی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیان تیرۆریست عەبدوڵڵا مەکی موسڵح ڕفێعى  بکوژن، کە بە (ئەبو خەدیجە) ناسراوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئه‌و كه‌سه‌ پۆستی بەناو (جێگری خەلیفە کە بە والی عێراق و سوریا و بەرپرسی لیژنەی ڕاسپێردراو و بەرپرسی نوسینگەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوە ناسراوە) هەیە، بە یەکێک لە تیرۆریستە مەترسیدارەکانی عێراق و جیهان دادەنرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە