مەسروور بارزانی پارکێک لە عەنکاوە دەکاتەوە، 32 هەزار گوڵ و داری تێدایە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پارکێکی نوێ لە قەزای عەنکاوە لە پارێزگای هەولێر دەکاتەوە، کە لەسەر رووبەری 60 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە. لە پارکەکەدا شوێنی وەرزش، یاری منداڵان، شانۆ و چەندین خزمەتگوزاری دیکە هەن.
پارکەکە ناوی (گانناسا د بابل)ـە، واتە پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل، و بڕیارە کاژێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ 23ـی حوزەیران، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
" 28 هەزار مەتر لە رووبەری پارکەکە کراوەتە چیمەن، هەروەها 9 هەزار و 651 دار و 22 هەزار و 500 گوڵی جۆراوجۆری تێدا رووێندراوە" و لە پارکەکەدا نافوورەیەکی ئاو لە رووبەری 600 مەتری دووجادا دروستکراوە؛ گۆڕەپانی شانۆی تێدا دروست دەکرێ و سێ یاریگەی تێنسی تێدایە.
هەر لەو پارکەدا بە درێژیی دوو کیلۆمەتر رێڕەوی پیاودەڕۆیی بۆ وەرزش دروستکراوە، لەگەڵ چوار شوێنی یاری بۆ منداڵان.
بەگوێرەی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، 672 پارک، باخچەی بچووک، پشتێنەی سەوزایی، دارستان و دوورگەی ناوەندی لە هەولێر و دەوروبەری هەن، لەو ژمارەیە 29 پارکی گەورە، 211 باخچەی بچووک، 161 دوورگەی ناوەندیی سەوزکراو هەن.
|