سەڵاحەدین بەهادین و بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێم کۆبوونەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
سەڵاحەدین بەهادین و بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و دۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی ، لە کۆبوونەوەکەد گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەكە كراو جەخت لەچارەسەری كێشە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە.
هاوکات بەپێویستیش زانراوە كاری جدی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت و دەرچەیەك بۆ دەربازبون لەدۆخی چەقبەستوی هەرێمی كوردستان بدۆزرێتەوە ئەوەش وەک ڕاگەیەنەدراوەکەی دەڵێت لەچوارچێوەی ئەو دەستپێشخەریەی كە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پێشكەشی هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كردووە.
سەلاحەدین بەهائەدین جەختیكردەوە بارودۆخی ناوچەكە بەشێوازێكە بەردەوام بونی ناكۆكیەكان زیانی گەورە بە پرۆسەی سیاسی و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لەپێناو خەڵك و خاكی كوردستان ناكۆكیەكان وەلا بنرێن و كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ بەزووترین كات چارەسەر بكرێن.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاندبوو، ئەگەر تا کۆتایی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بۆچوونی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو واقعە تازەیەی دروستبووە سور و بەردەوام بێ، ئەوا یەکێتی پەنا بۆ بژاردەی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵیی عێراق دەبات و سکاڵا تۆمار دەکات.
هاوکات وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەڵامێکی توندی یەکێتیی دایەوەو وتی دەبێ یەکێتیی ڕەفتاریان بگۆڕن و لەوە زیاتر مامەڵە بە یەکپارچەیی خاکی هەرێمەوە نەکەن و هاووڵاتیان و گەلی کوردستان نیگەران نەکەن.
|