قوباد تاڵەبانی: کێشەی تانجەڕۆ کارەساتێکی ژینگەییە بۆ هەموو عیراق

1     کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد کە بە شێوەیەکی رێکوپێک کاروباری هاووڵاتییان جێبەجێ دەکەن و داوای لێکردن بۆ لەمەودواش هەوڵ بدەن ئاسانکاری زیاتر بکەن بۆ راییکردنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتییان.

لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی تانجەرۆ کرا، قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە رایگەیاند: کێشەی تانجەڕۆ کارەساتێکی ژینگەییە نەک تەنها بۆ سلێمانی بەڵکو بۆ هەموو عیراق، چونکە لە رێگەی پیسبوونی ئاوی رووبارەکانەوە زیانی تەندروستی بۆ دانیشتووانی زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی عیراقیش هەیە، هەربۆیە پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت حکومەتی عیراق بەشداربێت لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا.

لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی ئەم کێشەیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عیراق گفتوگۆ دەکات و هەوڵ دەدرێت بودجەی پێویستی بۆ دابین بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چارەسەرە خێرا و بەپەلەکان. لەوبارەیەوە بڕیاردرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی و لیژنەکەش راسپێردرا لە ماوەیەکی دیاریکراودا هەندێک لە چارەسەرە خێراکان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە