ڕوونکردنەوەی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی لەبارەی کەیسی د. عەبدولـلەتیف

1     کاتژمێر پێش ئێستا  44 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی لەسەر کەیسی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد هاتە دەنگ و داوا دەکات، لایەنی کارگێڕی و یاسایی بەرپرس و لیژنەی لێکۆڵینەوە "بەزووترین کات کاری جیددی دەستپێبکەن."

ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی پەیامێکی چوار خاڵیی بڵاوکردووەتەوە، لە خاڵی چوارەمدا دەڵێت، "داواکارین لە لایەنی کارگێڕی و یاسایی بەرپرس و لیژنەی لێکۆڵینەوە، بە زووترین کات کاری جیددی دەستپێبکەن لەسەر دۆسیەکە و هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی راست و دروست و یەکلاکردنەوەی کەس و لایەنی تاوانبار یان بێ تاوان و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف."

دەقی پەیامەکەی ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

پەیامێک لە ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانەوە بۆ جەماوەری موسڵمانی کوردستان.

جەماوەری موسڵمان و بەشەرەفی کوردستان، لە پاش بڵاوبوونەوەی هەندێک تۆماری دەنگی، کە دراوەتە پاڵ مامۆستایەکی کۆلێجمان لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە پێویستی دەزانین ئەم روونکردنەوەیە رابگەیێنین بە موسلمانانی خەمخۆری دین و زانست و بەها رەوشتییە باڵاکانی میلـلەتەکەمان:

1- بەر لەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێندرێت لەو دۆسیەیە و دەست بە کاری لێکۆڵینەوە بکرێت، هەندێک خەڵک نابەرپرسانە لەبری لیژنە و دادگە و هەموو لایەنە یاساییە پەیوەندیدارەکان، پێشوەختە بڕیاری کۆتاییان لەسەر بابەتەکە دەرکردووە و لەو رێگەیەوە مافیان بە خۆیان داوە دوور لە هەموو بەها و ئادابێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و یاسایی، بکەونە سوکایەتیکردن و تۆمەت بەخشینەوە بەسەر تێکڕای مامۆستا و خوێندکارانی کۆلێجمان - کە هەمیشە لە خەمی پاراستنی رەوشتە بەرز و بەها بڵندە ئایینی و کولتوورییە رەسەنەکانی کوردایەتیی خۆیان و میلـلەتەکەیانن، بێ بیرکردنەوە لە گەورەیی و قێزەونیی ئەو بانگەشانەیان پەنجەی تۆمەت رادەکێشن بۆ تێکڕای مامۆستایان و خوێندکاران بەبێ جیاوازی.

2- مامۆستایانی زانکۆ بەگشتی و مامۆستایان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژیی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی هۆشیارن و زۆر بە باشی ئەرک و بەرپرسیارێتیی شەرعی و یاسایی و زانستی و پەروەردەیی خۆیان دەزانن و بە پەرۆشی و لە روانگەی هەستکردنیان بەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی سەر شانیان، بە هیچ شێوەیەک ناکەونە ژێر کاریگەریی سۆز و عاتیفە و هەڵنان و ئاراستەکردنی هیچ کەس و لایەنێک یان پەیج و ئەکاونتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێش کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە ناکەون و لەبری لایەنە یاساییە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان بڕیار دەرناکەن لەسەر ئەو دۆسیەیە و هیچ دۆسیەیەکی هاوشێوەی دیکە نە لەناو زانکۆ و نە لە دەرەوەی حەرەمی زانکۆ.

3- بەداخەوە لە هەندێک کەناڵی راگەیاندن و پەیج و ئەکاونت، بەیاننامەیەک بەناوی بەشێک لە مامۆستایانی کۆلێجمانەوە بڵاوکراوەتەوە، رایدەگەیێنین کە لەدوای بەدواداچوون دەرکەوت تاوەکو ئێستا هیچ مامۆستایەکی دیاریکراو خاوەندارێتیی خۆی بۆ ئەو بەیاننامەیە رانەگەیاندووە و گوزارشت لە را و بۆچوونی راستەقینەی تێکڕای مامۆستایان ناکات، کەواتە ئەگەر هەر مامۆستایەکیش تاک لایەنە ئەو کارەی کردبێت وەکو را و بۆچوونی خۆی، ئەوە خودی ئەو کارە کە بەبێ گەڕانەوە بۆ مامۆستا و هاوپیشەکانی ئەنجامی داوە، کارێکی هەڵە و نابەرپرسانەیە و دوورە لە کاری پیشەیی و یاسایی مامۆستای زانکۆ.

4- داواکارین لە لایەنی کارگێڕی و یاسایی بەرپرس و لیژنەی لێکۆڵینەوە، بە زووترین کات کاری جیددی دەستپێبکەن لەسەر دۆسیەکە و هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی راست و دروست و یەکلاکردنەوەی کەس و لایەنی تاوانبار یان بێ تاوان و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف. هەروەها کار بکەن بۆ پاراستنی شکۆی زانکۆ و کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان بەگشتی و پێگە و رێزی مامۆستایان و خوێندکاران بەتایبەتی، ئەویش بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە سنوور دەبەزێنێت و تۆمەتی ناڕەوا هەڵدەبەستێت.

والسلام عليكم ورحمة الله
ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان
22-06-2026


   ئەمانەش بخوێنەرەوە