ئێران وه‌ڵامی نوێی بۆ دانوستان ئامادەیە، ئاگربەستی کاتیش ڕەتدەکاتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
146 جار خوێنراوەتەوە
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، وه‌ڵامی دیپلۆماسیان بۆ ئه‌مریكا ئاماده‌كردوه و "له‌كانی گونجاو‌دا ده‌یگه‌یه‌نین"، ده‌شڵێت، "هه‌ڕه‌شه‌كان له‌گه‌ڵ باسكردن له دانوستان ناگونجێت، ئاگربەستیش واتا وەستان بۆ بەهێزکردنی هێزەکان بۆ دوباره ئه‌نجامدانی تاوان".
ئیسماعیل به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند، "شەڕێک کە بە ناڕەوا لە ناوەڕاستی پڕۆسەی دیپلۆماسی دەستیپێکرد و تاوانی تیادا ئەنجامدرا به‌جۆرێك ڕوخساری گەورەترین تاوانبارانی مێژو سپی کردوه‌تەوە، تەنانەت لە سەردەمی هیتلەریشدا هیچ پێشینەیەک نەبو".
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، ئه‌و تاوانه‌ی كه ئه‌مریكا و رژێمی زایۆنی به‌رامبه‌ر ئێران كردیان هیچ پێشینەیەکی نەبو، "زانکۆی شەریف کە بۆ ئێمە مانای گه‌وره‌ی هه‌یه بە بۆمبێکی گه‌وره هێرشی کرایە سەر، ئەوە پێنجەمین زانکۆیە کە هێرشی دەکرێتە سەر، خۆی لە خۆیدا گرنگە، جگە لە دژایەتی و ناڕەزایی ئەمریکا و ڕێژیمی زایۆنی بەرامبەر بە پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئێران هیچ مانایەکی دیکەی نییە".
په‌یوه‌ست له لێدوانه‌كانی ئه‌مریكا بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ ئێران، به‌قایی وتی، "ئه‌مریكا به‌وكارانه‌ی كه لە ماوەی ڕابردودا ئەنجامی داوە، هیچ گرنگییه‌كی بە دیپلۆماسی نەداوە، پێشێلکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا و بێبایەخکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە نزیکەی 70 بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی لە چەند مانگی ڕابردودا تۆماركراوه".
ئه‌وه‌شی وتووە، "سەبارەت بە شەڕ و ئاشتی، ئەرکەکە ڕونە، تاوه‌كو ئەو جێگایەی کە بەرگری لە نیشتمان پێویستە، ئێمە لەسەر بنەمای بڕیار و میکانیزم مامەڵە دەکەین و سەبارەت بە ئاشتیش هەمان شت ڕاستە، لەم بارودۆخەی ئێستادا کە ڕێز لە هیچ هێڵێکی سور ناگیرێت، پێویستە هەمو بیرکردنەوەکانمان لەسەر بەرگریکردن لە وڵات بێت، ئێستا لەم قۆناغەداین، ئەرکی ئێمە پشتگیری لەم داستانە بکەین، به‌ڵام دانوستان لەگەڵ هەڕەشەکانی تاوانی جەنگدا ناگونجێت".
به‌قایی لە وەڵامی ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە پلانێک بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ وتی، "پێشتر زۆر بە ڕونی ئەم پلانەمان خستوه‌تەڕو، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە پلانێکی 15 خاڵییان پێشنیاز کرد، کە ڕەنگدانەوەی هەبو، ئێمەش یەکسەر بە زیادەڕۆیی ڕامانگەیاند، بێ گوێدانە ئەو پێشنیازە، ئێمە کۆمەڵە داواکاریی خۆمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕەچاوکردنی خۆمان داڕشتوە".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتیشی، "ئێمە شەرم ناکەین هاوار بکەین بە داواکارییە ڕەواکانمان، خستنەڕوی بۆچونەکانمان نابێت وەک خۆبەدەستەوەدان هەژمار بکرێت، لە کاتێکدا بەرگریکاران ئازایانە مامەڵە دەکەن، دامه‌زراوه‌ی دیپلۆماسیش ئەرکی خۆی هەیە، پێوەرەکانی ئێمە بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاسایش و بڕیاری گەلی ئێرانە، هەڵوێستی ئێمە ڕونە، ئێمە وەڵامەکانمان داڕشتوە و هەرکاتێک پێویست بکات زانیاریمان پێدەدەین".
بااسی لەوەشکرد ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنها بە سەپاندنی سزاکان بەسەرماندا و ناردنی چەک بۆ ئاژاوەگێڕان نەوەستاوە، بەڵکو هەوڵی دابەشکردنی وڵاتیش دەدات.
راشیگەیاند دانپێدانانەکەی تڕەمپ بە ناردنی چەک بۆ ئاژاوەگێڕان، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە نەخشەبۆداڕێژراو بوون و لە دەرەوەی وڵاتەوە بەڕێوەدەبران.
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه له ئێران ده‌كرێت، به‌قایی وتی، "هەر کردەی ئەنجامدانی ئەو جۆرە هەڕەشەیە تاوانی جەنگە، بۆ ئێوە کە چەندین جار هەڕەشە لە وڵاتێک بکەن لە ماوەیەکی جیاجیادا بە تێکدانی ژێرخانی وڵاتەکەی و لە هەمان کاتدا گڵۆپی سەوز بۆ ڕژێم بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنییەکان، نمونەی تاوانی جەنگە".
رونیشیكرده‌وه، "هەر وڵاتێک یارمەتی ئەنجامدانی تاوان بدات، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، پێویستە هەمو وڵاتان بزانن کە هەر هاوکارییەک لەگەڵ ئەمریکا تاوانی جەنگە و دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت".
دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بە ماڵپەڕی ئەکسیۆس-ی ڕاگەیاندوە، ویلایەتە یەکگرتوەکان "گفتوگۆی جددی" لەگەڵ ئێران‌دا دەکات و ئەگەری هەیە پێش کۆتاییهاتنی وادەکە لە ڕۆژی سێشەممەدا بگەنە ڕێککەوتن. وتیشی، "هەلێکی باش هەیە، بەڵام ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا هەمو شتێک لەوێ تێکدەشکێنم".
|