داشکانی کرێی ئاو کۆتاییهات؛ 14 ملیار داشکان بۆ هاووڵاتیان کرا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  182 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتنی کاتی داشکانی قەرزی ئاوی راگەیاند و دەڵێ، لە چوار مانگدا نزیکەی 14 ملیار دینار وەک داشکان بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە و ماوەکەشی درێژ ناکرێتەوە.
 
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند، "داشکانی تایبەت بە بەستنی پێوەری ئاو کە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو، سەرەتای ئەم مانگە کۆتایی هات. لەو ماوەیەدا زیاتر لە 7500 کەس سوودمەند بوون و بە کۆی گشتی نزیکەی 14 ملیار دینار داشکان بۆ هاووڵاتییان کرا."
 
سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی بڕیارەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو جەختی کردەوە، "چیدیکە ماوەی ئەو داشکانە درێژ ناکرێتەوە، چونکە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا 4 جار درێژکراوەتەوە."
 
ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو هاوبەشانەی پێوەریان بەستووە، مانگانە بەپێی بەکارهێنان بڕی 0 تاوەکو 45 هەزار دیناریان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە، مانگانە راستەوخۆ بڕی 45 هەزار دیناریان بۆ هەژمار دەکرێ."
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئێستا یەک ملیۆن و دوو هەزار هاوبەشی ئاو لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە 90%یان پێوەری ئاویان بەستووە و پابەندییەکەی زۆری هاووڵاتییان بۆ بەستنی پێوەرەکە هەبووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە