قەتەر لەبارەی جەنگی ئێران هۆشداری توند دەداتە دەوڵەتانی کەنداو
2 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆک وەزیرانی پێشوی قەتەر رایگهیاند، ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتودا چارەسەرێک بۆ شهڕی ئێران نەبینرێت، ئهوا ڕەنگە دۆخەکە بەرەو هەڵکشانی درێژخایەنتر بڕوات لەوەی چاوەڕوان دەکرا.
شێخ حەمەد بن جاسم سەرۆک وەزیرانی پێشوی قەتەر له پهیامێكدا باسی لهوهكردوه، "بەداخەوە ئەوەی لە کەنداودا دەگوزەرێت بوهتە شەڕێکی تەواو، لە دو ڕۆژی ڕابردودا دۆخەکە ئاڵۆزتر بوە بە هاتنە ناوەوەی ئەنسار الله (حوسییەکان) کە یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو ئاڵۆزییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە تاکە هۆکار نییە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتودا چارەسەرێک نەبینین، ڕەنگە دۆخەکە زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا پەرە بسێنێت، ڕونە کە ههندێك لایهن دەیانەوێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت، دەزانن کە دەرئەنجامەکانی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر نابێت، تەنها چەند موشەکێکی سنوردار نەبێت، ئیسرائیل کە بەندەرەکانی بە کراوەیی دەمێننەوە بەڕوی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوردا، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە".
ئەوەشی نوسیوە، "سەبارەت بە ناوچەکەمان، بەردەوامی گەمارۆی خنکێنەری گەروی هورمز دەتوانێت کاردانەوەی ئابوری جددی لێبکەوێتەوە، نەک تەنها بۆ وڵاتانی ناوچەکە کە ڕەنگە بتوانن بۆ ماوەیەک بەرگەی بگرن، بەڵکو بۆ تەواوی ئابوری جیهانی، ئەوەش گرنگترین پرسیار دەوروژێنێت: کێ لەم داڕمانە سودمەندە؟ و بۆچی؟".
ئهوهشی خستوهتهڕو، "بە دڵنیاییەوە ئەمریکا سودمەندی ڕاستەقینە نییە، بەڵام ناڕونییەکە دەمێنێتەوە کە ئایا بڕیارەکە لەسەر ئەوانە یان ئیسرائیلە لەم بابەتەدا، ڕەنگە ڕۆژانی داهاتو ڕونتر ئاشکرا بێت"
|