نێچیرڤان بارزانی: ئێران دانی بەوەداناوە کە ھەڵەبووە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  30 جار خوێنراوەتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە پرسەی ئەو شەش پێشمەرگەیەی کە لە ئەنجامی بۆردوومانێکی مووشەکی ئێران لە شارۆچکەی ھەریر شەهید بوون، ڕایگەیاند کە ئێران دانی بەوەداناوە کە ھەڵەبووە.

نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند: “لەگەڵ ڕووداوەکە ئێمە پەیوەندیمان بە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و ئەوان دان بەوەدا دەنێن کە ھەڵەیەک کراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بکەن و پەیامی سەرەخۆشیان ناردووە و ئێمە چاوەەڕێی وەڵامی ئێران دەکەین”.

وتیشی: “زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەم ھێرشەمان کردووە، چونکە سیاسەتی ھەرێم ڕوونە کە ئێمە فاکتەری ئارامی و سەقامگیریین لە ناوچەکە، ھەمیشە دووپاتی ئەوەمان کردووەتەوە کە ئێمە سەرچاوەی ھەڕەشەنین بۆسەر دراوسێکانمان و ئێران بە تایبەتی، ھەر ئەو سیاسەتەشمان پەیڕەو کردووە لەسەرەتای ئەم جەنگەوە”.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: “ھیوادارین ئێران لێکۆڵینەوەی تەواو لەم بابەتە بکات و ھەرێمی کوردستانیش لە ئەنجامەکەی ئاگادار بکاتەوە”.

بەرەبەیانی دوێنی ھێرشێک کرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و دواتر وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بە شەش مووشەکی بالیستی ئێرانی ھێرشکراوەتە سەر فیرقەی ٧ ی ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگە شەھید و ٣٠ی دیکەش برینداربوون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە