عێراق بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەست پێکرد

2025-03-10  296 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق ڕایگەیاند، دەستەكەیان چەندین کارگەی تایبەتمەندی دامەزراندوە و بۆ دروستكردنی گولـلە بە گوێرەی ستانداردە جیانیەكان و كارگەیەكی گەورەشیان لە بەغدا دروستكردوە بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، هەروەها دەستیانكردوە بە بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیش.

مستەفا عاتی، سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی سەربازی لە عێراق ئەمڕۆ دوشەممە بە  ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، دەستەكەیان چەندین کارگەی تایبەتمەندی دروستكردوە کە دیارترینیان کارگەی کەرەستەی سوک بو کە قۆناغی یەکەمی لە (تەمموز/7)ـی 2020 کرایەوە و تا ئێستا  تا 63 ملیۆن گوللـەی بەگوێرەی کوالێتی و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بەرهەمهێناوە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، دەستەكە بەردەوامە لە کردنەوەی کارگەی نوێ، هەروەها کارگەیەکی گەورەی لە بەغدا کردوەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، تا ئێستا زیاتر لە 600 زرێپۆش بۆ هێزە ئەمنییەکان دابینكردوە. هەروەها پڕۆژەی دیکەیان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی تەقەمەنی و تۆپخانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق باسی لەوەشكرد، دەستیانكردوە بە بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە بوەتە چەكێكی گرنگ لە دنیادا و عێراقیش پێویستی پێیەتی، بۆئەوەش هاوئاهەنگیمان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان هەیە.

ئەوەشیخستەڕو، كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی هێڵەكانی بەرهەمهێنانی تۆپ و هاوەنی قورس دەكەن، هاوكات پڕۆژەكە بە یەكێك لە پڕۆژە ستراتیجییە گرنگەكانی حكومەت دادەنرێت كە ئامێری سوك بۆ هێزە ئەمنییەكان دابین دەكات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە