جەنگ ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئێرانی کەمکردووەتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
23 جار خوێنراوەتەوە
جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێ، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 4 ملیار دۆلارە و ئێستا بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 50% کەمیکردووە. ئاماژە بەوە دەکات، رێگەی جێگرەوە بۆ هاوردەکردن هەیە و مەترسی نییە.
شێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، بە ٧ڕۆژی وت: "هاوردەکردن لە دەروازەی باشماخ بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ رانەگیراوە".
بە وتەی شێخ عەتا محەمەد، رۆژانە 500 بارهەڵگر شتومەک لە رێگەی دەرەوازەی باشماخەوە لە پارێزگای سلێمانی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە دوای جەنگەکەوە، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیی لەنێوان دەروازەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و ئێرانەوە راگیراون، لەوانە دەروازە نێودەوڵەتییەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی.
بەگوێرەی داتای یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، رۆژانە بە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەبووە و ئێستا دابەزیوە بۆ کەمتر لە نیوەی.
وتیشی: "هیچ پێویست ناکات خەڵک بترسێ و لە دڵەڕاوکێدا بێ، چونکە کەمترین خۆراک و پێداویستی لە ئێرانەوە هاوردەکراوە و ئەوی دیکەی وڵاتانی دیکە بووە و ئێستاش هاوردەکردن لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەردەوامە".
|