قایمقامی سلێمانی: هیچ مەترسییەک لە بەکارهێنانی مریشکدا نییە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
43 جار خوێنراوەتەوە
قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە هیچ مەترسییەک لە بەکارهێنانی مریشکدا نییە و رایدەگەیێنێت، سەرجەم ئەو مریشکانەی دەرمانی "فیوراڵتادۆن"یان پێدرابوو، دەستیان بەسەردا گیراوە و نەخراونەتە بازاڕ.
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دا سەبارەت بە نیگەرانیی خەڵک لە کاریگەرییەکانی دەرمانی فیوراڵتادۆن رایگەیاند: "بەخۆشییەوە بەکارهێنانی دەرمانەکە لە پەلەوەرخانەکاندا سنووردار بووە و هیچ مەترسییەکی نەخستووەتە سەر ژیانی خەڵک."
بە وتەی قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت، ئەو مریشکانەی ئەو دەرمانەیان پێدراوە نەگەیشتوونەتە بازاڕ، چونکە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوەختە پێی زانیوە و دەستی بەسەر دەرمان و مریشکەکاندا گرتووە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 700 پەلەوەرخانە هەن. فازڵ عومەر ئاماژەی بەوە کرد لەو ژمارەیە تەنیا نزیکەی 18 کەس بەنیاز بوون دەرمانەکە بەکاربهێنن؛ گوتیشی: "هەندێکیان فریا نەکەوتن و ئەوانەشی بەکاریان هێنابوو، کاتی خستنەبازاڕی مریشکەکانیان نەهاتبوو."
قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت دووبارە دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە "دەتوانن بەبێ دڵەڕاوکێ و ترس گۆشتی مریشک بخۆن."
هاوکات عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی بە ٧ڕۆژی راگەیاند: "پێش ئەوەی مریشکەکان بخرێنە بازاڕەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و لەو چوارچێوەیەشدا 16 تۆمەتبار دەستگیرکراون."
|