فراكسیۆنه‌كه‌ی سودانی داوا دەکات پەرلەمان بە زوویی سه‌رۆك كۆمار هەڵبژێرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
121 جار خوێنراوەتەوە
فراكسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان له په‌رله‌مانی عێراق كه محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ئەمڕۆ پێنجشەممە داوای لە پەرلەمان کرد لە ماوەی هەفتەی داهاتودا بانگهێشتی ئه‌ندامان بكات بۆ دانیشتنێک تایبه‌ت به هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار.
فراكسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان له په‌رله‌مانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا باسی له‌وه‌كردوه، "نزیکەی دو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دو جێگرەکەیدا تێپەڕیوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار بە دواکەوتویی ماوەتەوە، ئەوەش پێشێلکارییەکی ڕونی ئەو کاتەیه کە لە دەستوری عێراقدا دیاریكراوه".
فراكسیۆنه‌كه داوای لە "سەرۆکی پەرلەمان کردوە لە ماوەی هەفتەی داهاتودا بانگهێشتی په‌رله‌مانتاران بكات بۆ دانیشتنێکی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و كاره‌كان خێراتر بکات، کۆتایی بە پێشێلكردنی واده‌ی ده‌ستوری بهێنێت و چیتر پێكهێنانی حكومه‌ت دوانه‌خرێت".
فراكسیۆنه‌كه‌ی سودانی ده‌ڵێت، "بەردەوامی بونی حکومەتێک کە دەسەڵاتی سنوردارە، زیانێکی ڕاستەوخۆ بۆ گەلەکەمان و بۆ کارکردنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی پێکدەهێنێت".
هاوكات هۆشداری ده‌دات و رونیده‌كاته‌وه، ئەگەر ئەو بەربەستە بەردەوام بێت پەنا دەباتە بەر سودوەرگرتن لە هەمو ئامڕاز و ڕێکارە دەستورییە بەردەستەکان بۆ دڵنیابون لە کۆتاییهێنان بە بنبەست و پاراستنی ڕێڕەوی دەستوری دروست.
فراكسیۆنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی داوایان کردوه ڕێگه‌یان پێبدرێت بەر لە کۆبونەوەی پەرلەمان، کاندیدی سەرۆکایەتییەکەیان یەکلایی بكه‌نه‌وه و دواتر پڕۆسه‌كه به‌ڕێوه‌بچێت له پێناو پێكهێنانی حكومه‌تێك كه توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاوڵاتیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و دامەزراوەیی هەبێت.
هه‌رچه‌نده پێشتر وابڵاوكرایه‌وه كه پارتی و یه‌كێتی ڕێكه‌وتون له‌باره‌ی كاندیدی سه‌رۆك كۆماری عێراق و نزار ئامێدی ده‌كه‌نه كاندیدی خۆیان، به‌ڵام تائێستا هیچ كام له‌و دو حزبه به‌فه‌رمی ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان رانه‌گه‌یاندوه.
|