کیم جۆنگ ئون مەرجی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا هەیە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  33 جار خوێنراوەتەوە

کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی دەتوانێت لەگەڵ واشنتن "رێبکەوێت" ئەگەر ئەمریکا دان بە پێگەی ئەتۆمیی پیۆنگیانگدا بنێت. هاوکات هەموو هیوایەکی بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریای باشووری دراوسێی بڕی و بە "دووژمنێکی فێڵباز" ناوی برد.
 
رۆژی پێنجشەممە 26-02-2026، میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون لە کۆنگرەی پارتەکەیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان روونکردووەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە واشنتن و سیئۆل هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەنێوان کیم و دۆناڵد ترەمپ لە چین.
 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا، کیم رایگەیاندووە: "ئەگەر واشنتن رێز لە پێگەی ئەتۆمیی ئێستای وڵاتەکەمان بگرێت و سیاسەتە دووژمنکارانەکانی پاشەکشە پێ بکات، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی نەتوانین لەگەڵ ئەمریکا رێبکەوین."
 
ئەم لێدوانانەی کیم جۆنگ ئون لەکاتێکدایە، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی ئادار یان سەرەتای نیسانی داهاتوودا سەردانی چین بکات. پێشبینی دەکرێت لە پەراوێزی ئەو سەردانەدا، هەوڵی کۆبوونەوە لەگەڵ رێبەری کۆریای باکوور بدات.
 
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو کە "سەت لە سەت" ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیم، تەنانەت پێچەوانەی سیاسەتە کۆنەکانی ئەمریکا، دانی بەوەدا نا کە کۆریای باکوور ئێستا "جۆرێکە لە هێزی ئەتۆمی." دوایین کۆبوونەوەی نێوان ئەم دوو سەرۆکە لە ساڵی 2019 بوو، کە بەهۆی ناکۆکی لەسەر سووککردنی سزاکان بێ ئەنجام کۆتایی هات.
 
بە پێچەوانەی زمانی نەرم بەرامبەر ئەمریکا، کیم جۆنگ ئون هێرشی تووندی کردە سەر کۆریای باشوور و هەوڵەکانی سیئۆلی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکان بە "شانۆگەرییەکی فێڵبازانە" ناوبرد.
 
کیم گوتی: "کۆریای باکوور هیچ کارێکی لەگەڵ کۆریای باشووردا نییە، کە دووژمنترین لایەنە بۆمان، بۆیە بۆ هەمیشە کۆریای باشوور لە لیستی هاونیشتمانییان دەسڕینەوە." 
 
رێبەری کۆریای باکوور هۆشداریی دایە سیئۆل و گوتی، تەنیا رێگە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بژین ئەوەیە "دەست لە هەموو شتێکی پەیوەندیدار بە ئێمە هەڵبگرن و لێمان بگەڕێن."
 
لە بەرامبەردا، حکومەتی کۆریای باشوور بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و داوای لە هەردوولا کرد لە لێدوان و کردەوەی دووژمنکارانە دووربکەونەوە.
 
کۆنگرەی پارتەکە بە نمایشێکی سەربازیی گەورە لە گۆڕەپانی "کیم ئیل سونگ" لە پیۆنگیانگ کۆتایی هات. ئەوەی سەرنجی میدیاکانی راکێشا، دەرکەوتنی کیم جۆنگ ئون و "جو ئە"ی کچی بوو کە پێکەوە سەیری نمایشەکەیان دەکرد. شارەزایان پێیانوایە ئەمە ئاماژەیەکی روونە کە کچەکەی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە دوای خۆی ئامادە دەکات.
 
لە نمایشەکەدا یەکە سەربازییەکانی کۆریای باکوور بەشداربوون، لەنێویاندا ئەو هێزانەی کە هاوکاریی رووسیایان کردووە لە جەنگی ئۆکراینادا، شانبەشانی ئەو هێزانەی لەسەر سنووری نێوان هەردوو کۆریا جێگیرکراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە