مەزڵوم عەبدی: کە هێرشکرایە سەر ناوچەكانمان ئەمریكا نەهات بە هانامانەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  296 جار خوێنراوەتەوە

مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی"PBS"ی ئەمریكی رایگەیاند ئێمە نامانەوێت رێككەوتنەكەمان لەگەڵ دیمەشق هەرەس بهێنێت بەڵام ئەگەر روویدا تاكۆتایی بەرگری لەناوچە كوردییەكان دەكەین جەختی لەوەشکردەوە ئۆتۆنۆمیمان دەوێت بەڵام ئەوەی حكومەتی سوریا قبوڵی دەكات تەنها حكومی خۆجێیی ناوچە كوردییەكانە.

بەشێک لە قسەکانی مەزڵوم عەبدی:

🔹رێککەوتنی کۆتایی مانگی یەک لە سایەی ئەم بارودۆخەی ئێستادا باشترین بژاردەی بەردەست بوو.

🔹ناڵێین باشترین رێککەوتن بوو بۆ کورد، بەڵام گەرەنتی ئاگربەست و چەسپاندنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە ڕێگەی دیالۆگەوە، هەموو ئەمانە وایکرد قبوڵ بکرێت.

🔹لەم هەلومەرجە تایبەتەدا، ئەوەی دەمانەوێت حوکمڕانی خۆجێییە، کە کورد بتوانێت ناوچەكانی خۆی بەڕێوەببات و ناسنامەی کوردبوونی خۆی بپارێزێت.

🔹بێگومان ئێمە ئۆتۆنۆمیمان دەوێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، تاکە مەرجێک بۆ ئەوەی حکومەتی دیمەشق قبوڵی بێت، حوکمڕانی خۆجێییە.

🔹من نە دەمەوێت و نە ئاواتەخوازم رێككەوتنەكە هەرەس بهێنێت، بەڵام ئەگەر ئەوە روویدا، ئێمە تا کۆتایی درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین، مەحاڵە دەستبەرداری ناوچە کوردنشینەکان بین.

🔹هێشتا داعش زۆر بەهێزەو رەنگە بتوانێت وردە وردە دەست بەسەر شارە گەورەکانی سوریادا بگرێت. 

🔹هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت هێرش بکات،  پێم وایە ئەگەر شەڕی داعش بە توندی بەردەوام نەبێت، ئەوا ئەو رێکخراوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مەترسی بۆ سەر جیهان دروست بکات.

🔹کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم کاتە هەستیارەدا بیرۆکەیەکی باش نییە، چونکە بە دڵنیایی ئاڵنگاری نوێ دروست دەکات، بەتایبەتی لە شەڕی بەردەوامی دژی تیرۆردا.

🔹کاتێک حکومەتی سوریا هێرشی کردە سەر پێگەکانی کورد، ئەمریکا بە هانای کوردەوە نەهات.

🔹هێرشێکی گەورە بۆ سەر ناوچەکانمان کرا، بەشێکی زۆر لە گەلەکەمان کوژران.

 🔹هەڵوێستی ئەمریکاش بەوجۆرە نەبووهێرشەکە بوەستێنێت، لە ئەنجامی ئەم هەڵوێستەدا ناڕەزایی بەربڵاو لە نێو گەلەکەماندا هەیە.

🔹من دوو ناسنامەم هەیە، یەکێکیان ناسنامەی سوریە، ئەوی تریان ناسنامەی کوردبوونە، من لە كرۆكدا کوردم، شانازی بە هەردووکیانەوە دەکەم. 

🔹ئێمە چاومان لە ئاوەدانکردنەوەی سوریایە، بەڵام دەمانەوێت ببینین ناوچە کوردییەکان گەشە بکەن و سەرفراز بن و کورد ڕۆڵی پێشەنگایەتی لەو وڵاتەدا بگێڕێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە