وەزارەتی پلاندانانی عێراق فەرمانی بەقەزاکردنی گوڵاڵەی پەسەند کرد
9 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵەی دەرکرد و زۆرینەى ئەنجوومەنى پارێزگا بە فەرمى داوایان لەو وەزارەتە کردووە ئەو رێکارە بۆ بەقەزاکردنی ئەو ناوچە جێناکۆکە رابگرێت.
عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ خالید بەتال، وەزیری پلاندانان بەوەکالەت فەرمانێکی دەرکرد بۆ بەقەزاکردنی گوڵاڵە لە سنووری پارێزگای دیالە و ژمارەی سیمبوولی کارگێڕیی پێدراوە کە 21101 دەبێت لە ریزبەندیی یەکە کارگێڕییەکانی عێراق."
داوا لە وەزارەتی پلاندانان دەکرێت بەقەزاکردنی گوڵاڵە رابگرێت
لە 31ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی دا بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە و لایەنە کوردستانییەکان دژی وەستانەوە.
نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، زۆرینەی ئەنجوومەنەکە پێکدەهێنن، بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەکەن بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە رابگرێ، کە ناوچەیەکی جێناکۆکە. پارێزگارى دیالە بڕیارى راگرتنى رێکارەکانى دەکردبوو تا وەڵامی لە وەزارەتى پلاندانانەوە پێبگات.
شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە میدیاکانی راگەیاند، نووسراوەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامان کراوە و لە رێگەی پارێزگارەوە نێردراوە بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بۆئەوەی بەقەزاکردنەکە رابگرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی فراکسیۆنی بەدر و یەکێتی لەوانەن کە واژۆیان کردووە.
لە نووسراوەکەی ئەنجوومەن کە 22ی شوباتی 2026 بۆ پارێزگار نێردراوە ئاماژە بەوە دراوە کە نۆ ئەندام کە زۆرینەی رەها لە کۆی 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەن واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە، بۆئەوەی نووسراوی تایبەت بە رێکارەکانی بەقەزاکردنی گوڵاڵە رابگیرێت؛ هەروەها ئاماژەیان بە بڕیارێکی هاوشێوە کردووە بۆ ناحیەی سەعدییە، بۆ رەتکردنەوەی ئەوەی لە قەزای خانەقین جیابکرێتەوە.
|