قوباد تاڵەبانی: ئەرکمان لە پاراستنی زمانەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدان

1     کاتژمێر پێش ئێستا  128 جار خوێنراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا رایدەگەیەنێت: ئەركی ئێمە لە زمان پاراستنەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی.

 قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکیدا کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا لە پەیجی رەسمی خۆی لە پلاتفۆڕمی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە: لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نووسەر و شاعیر و خەباتکارانە دەکەین، کە دەیان ساڵە سینە و زاریان كردۆتە قەڵغان لە پێناو پاراستنی زمانی کوردیدا، وەك سەربازی ون؛ ڕەنج و تاڵی و مەینەتیی زۆریان بۆ زمانەكەمان چەشتووە.

راشیدەگەیەنێت: لەمڕۆدا لەگەڵ پارێزەرانی زمان، ئاواتمانە هەموو منداڵانی کورد ئەو مافە سەرەتاییەیان بۆ بەدی بێت، کە پەروەردەكردن و فێركردنە بە زمانی شیرینی کوردی.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیوەست بە ئەرکی ئیستاش، روونی کردووتەوە: ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا، ئەركی ئێمە لە زمان پاراستنەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی، دەبێت حکومەت و ناوەندە زانستییەكان، بە پێی پلان و چنینێكی هاودەنگ، کار بکەن، تا زمانی کوردی لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنە زانستی و بەجیهانیبوونەكاندا، برەو بسەنێت، بۆ ئەوەی نەک لە مەترسیی پەراوێزکەوتن و پاشکۆبوون ڕزگاری بکەین، بەڵکو شانبەشانی زمانە زیندووەکانی جیهان، وەك چۆن ڕەگدارە، وەهاش پایەدار و بەكار بێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە