بەریتانیا رەتیدەكاتەوە ئەمریكا بنكەكانی بۆ لێدانی ئێران بەكاربهێنێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
44 جار خوێنراوەتەوە
كیر ستامەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا داوایەكی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكای رەتكردەوە؛ تایبەت بە بەكارهێنانی بنكەكانی بەریتانیا لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكاوە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (تایمز).
رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێ: ستامەر بە ترەمپی وتووە "ئەمە دەبێت بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی".
بەقسەی رۆژنامەكە، رەتكردنەوەكەی ستامەر، دامەزراوە سەربازییەكانی بەریتانیا لە بنكەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی و بنكەی (فیرفۆرد)ی سەربە هێزی ئاسمانی بەریتانیا لە گلۆسترشایر دەگرێتەوە، كە فڕۆكە بۆمبهاوێژە قورسەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی مەرجەكانی رێككەوتنی درێژمەودا لەگەڵ واشنتۆن، نابێت ئەم بنكانە بەكاربهێنرێن، جگە لەدژی ئەو وڵاتانە نەبێت كە پێشتر ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیا رێككەوتنی لەسەر كردووە، ئەوەش شتێكە كە تائێستا رووینەداوە.
ئەم هەنگاوە پەیوەندییەکانی ئەمەریکاو بەریتانیا ئاڵۆزتر کردووەو؛ وایکردووە ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ستارمەر بكێشێتەوە، تایبەت بە رادەستكردنی دوورگەکانی چاگۆس بە مۆریس، کە بنکەی دیێگۆ گارسیا لەخۆدەگرێت.
ترەمپ لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) باسی لە ئێران و ئەو رۆڵە كرد كە دەكرێت بەریتانیا بیگێڕێت لە هەر هێرشێكدا، هەروەك ئاماژەی بەوەشكرد پاڵپشتی لەندەن یاسایی دەبێت بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری ئەوەی ئێران هێرش بكاتە سەر بەریتانیا، لە روانگەی ئەوەوە.
ترەمپ نوسی:" ئەگەر ئێران بڕیاریدا رێككەوتن نەكات (لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە)، ئەوكات رەنگە پێویست بێت ئەمریكا بنكەكانی (دیێگۆ گارسیا)و (فێرفۆرد) بەكاربهێنێت بۆ رێگری لە ئەگەری هەر هێرشێك لەلایەن رژێمێكی ناسەقامگیرو زۆر مەترسیدارەوە، هێرشێك كە رەنگە بەریتانیاو وڵاتانی تری دۆستی ئەمریكا بكاتە ئامانج.
ترەمپ رایگەیاند" بەردەوام لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەبین بۆ بەرگری لە بەریتانیا، بەڵام پێویستە بەریتانیاش لەبەرامبەر توندڕەوە راستڕەوەكان و ئەو كێشانەی تردا بەبەهێزی بمێنێتەوە كە روبەڕووی دەبنەوە".
رۆژنامەی (تایمز) لەزاری ژمارەیەك سەرچاوەی حكومییەوە دەڵێ: پێناچێت بەریتانیا پشتیوانی لە هێرشی سەربازیی پێشوەختەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بکات، ئەمەش دوای ئەوەی هاوینی ڕابردوو بەهەمان شێوە رەتیكردەوە بەشداری لە هێرشەکەی ئەمریكا بكات بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ئەوكات دوای هێرشەكانی ترەمپ بۆسەر ئێران، وەزیرەکان چەندین جار رەتیان كردەوە ئەوە ئاشكرا بكەن ئایا پارێزەرانی بەریتانیا پێیان وایە ئەو هێرشانە یاسایین یاخود نا.
کۆشکی سپی کار لەسەر پلانە سەربازییە وردەکان دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، کە رەنگە بەکارهێنانی بنکەکانی دیێگۆ گارسیا و فێرفۆرد لەخۆبگرێت.
حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند "پرۆسەیەکی سیاسی بەردەوام لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەیە، کە شانشینی یەکگرتوو پاڵپشتی دەکات"، جەختی کردەوە "نابێت ئێران هەرگیز بتوانێت پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات و، ئەولەویەتی ئێمەش ئاسایشی ناوچەکەیە".
بەڵام کاتێک پرسیار كرا لەبارەی بەکارهێنانی بنکەکانی بەریتانیا، حکومەت وتی: وەک هەمیشە هیچ لێدوانێک لەسەر بابەتە ئۆپەراسیۆنییەکان نادەین.
|