وەزیری رۆشنبیری: زمانى هەورامى لەبەردەم هەڕەشەدایە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  53 جار خوێنراوەتەوە

حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانى هەرێم، لە پەیامێکیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایکەوە، رایگەیاند، هەورامی (گۆران)، یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە مێژوودا، زمانی باڵای ئەدەب و نووسین بووە، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو زمانە دێرینە لەبەردەم هەڕەشەدایە.

وەزیری رۆشنبیری دەڵێت، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، پیرۆزبایی لە ئاخێوەرانی تەواوی زمانەکانی جیهان بە گشتیی و زمانە دێرین و ڕەسەنەکان لە کوردستان بە تایبەت دەکەین.

لە پەیامەکەى وەزیری رۆشنبیریدا هاتووە، 21 ی شوبات، ڕۆژی ئاوڕدانەوە و بایەخدانی هەمەلایەنەیە بە فەرهەنگ، مێژوو، پاراستنی کولتوور و ڕەسەنایەتی زمانی دایک، لەم یادەدا خوازیارین هیچ زمانێکی دایک، نەبێتە قوربانی فەرامۆشکردن و لەناوچوون، منداڵانی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە و دیالێکتەکان مافی ڕەوای خۆیانە بە زمانی دایک، پەروەردە و گۆش بکرێن.

ئەوەشى خستۆتەڕوو، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەوڵمانداوە زەمینەی پاراستن و گەشەپێدان بۆ زمانی دایک لە کۆمەڵگەی کوردستانی فەراهەم بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی ڕۆشنبیری و هونەری سریان و تورکمان چالاکانە کاردەکەن.

حەمەی حەمەسەعید دەشڵێت، هەورامی (گۆران)، یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە مێژوودا، زمانی باڵای ئەدەب و نووسین بووە، گەنجینەیەکی گەورەی ئەدەبی بەو زمانە وەک میراتی ڕۆشنبیری لە بەردەستماندایە، بەڵام بەداخەوە بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو زمانە دێرینەی سەر زەمینی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان، ئێمە لە وەزارەت پڕۆژەی خوێندنی تەنیا یەک وانەمان لە پۆلە بنەڕەتییەکانی کەرتی پەروەردەدا پێشکەش بەوەزارەتی پەروەردە کردووە.

ئاماژەى بەوەشداوە، سەرەڕای کۆششەکانمان و تاوتوێکردنی ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی وەزیران و پشتگیری جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە کەرتی پەروەردەدا جێبەجێ نەکراوە، بەو پێیەی خوێندن بە زمانی دایک، هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی زمان لە کۆمەڵگەی کوردستان دروست ناکات و بگرە خزمەتێکی گەورە بە کاروانی ڕۆشنبیری و میراتی کولتووریمان دەکات، بۆیە چاوەڕوانین بەڕێز وەزیری پەروەردە لەم کابینەدا ئەو پڕۆژە بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ئێمە ئەم بۆنە جیهانییە بە دەرفەت دەزانین، بۆ ئەوەی دووپاتی بکەینەوە، هەموو منداڵێکی کۆمەڵگەی کوردستان مافی ڕەوا و بنەڕەتی خۆیەتی بە زمانی دایک بخرێتە بەر خوێندن، ڕێز لە کەسایەتی و مۆرکە کولتوورییەکانی بگیرێت، بە زمانی دایکی پەروەردە و گۆش بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بێت و بتوانێت بە ناسنامە کولتوورییە دێرینەکەیەوە بیر بکاتەوە. 

داواکاریشین لە ڕاگەیاندنی کوردی، دامودەزگا بڵاوکەرەوە و چاپەمەنییەکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گرنگییەوە کار بۆ پاراستنی زمان بکەن، ڕێگە بە خۆیان نەدەن ببنە بەشێک یان ئامرازێک بۆ شێواندن و پەراوێزخستنی زمانی دایک.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە