ترەمپ: ئێران زۆر پەرۆشە بۆ رێککەوتن و ئامادەیە سازش بکات

2   کاتژمێر پێش ئێستا  23 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئێراندا دەبینێت و تاران ئێستا "زۆر پەرۆشە" بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکات؛ ئاماژە بەوەش دەدات کە گوشارەکان و ناردنی کەشتیگەلی جەنگی کاریگەرییان هەبووە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش بەڕێکەوتنی بۆ فلۆریدا، سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران رایگەیاند: "گفتوگۆی زۆر باشمان لەبارەی ئێرانەوە هەبوو. وادەردەکەوێ ئێران زۆر بە پەرۆش بێت بۆ ئەوەی رێککەوتن بکات. پێموایە ئێستا جیاوازتر لە جاران بیردەکەنەوە."
 
سەبارەت بە رێککەوتنەکە، ترەمپ  رایگەیاند، ئەمجارە مەرجەکان جیاواز دەبن و گوتی: "دەبێت ببینین رێککەوتنەکە چی دەبێت، بەڵام ئەمجارە جیاواز دەبێت لە جاری پێشوو؛" هاوکات ئاماژەی بە ناردنی هێزی سەربازی زیاتر بۆ ناوچەکە کرد و گوتی: "سوپایەکی دەریایی و کەشتیگەلێکی گەورەمان بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێکردووە و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەگات؛ دەبینین کارەکان چۆن دەڕۆن."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لە پرۆسەی گوشاردا پەلە ناکەن و کاتی پێویستیان لەبەردەستە، وەک نموونەش باسی لە دۆسیەی ڤەنزوێلا کرد ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە کاتمان زۆرە، بۆیە پەلەمان نییە. وەک دەزانن گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ ئێران، رووسیا و ئۆکراینا هەیە."
 
ترەمپ باسی لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتنیش کرد و وتی: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو دووبارە کۆدەبینەوە. ئێرانییەکان ئەنجامەکان دەزانن. ئەگەر رێککەوتن نەکەن، ئەنجامەکان زۆر قورس دەبن."
  
لەبارەی هێڵە سوورەکانی ئەمریکا بۆ هەر رێککەوتنێک، ترەمپ ئاشکرایکرد: "یەکەم شت ئەوەیە نابێت هیچ چەکێکی ئەتۆمییان هەبێت."
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دۆخەکە زۆر گۆڕاوە و رایگەیاند: "ئەگەر دوو ساڵ پێش ئێستا بووایە نەدەهاتنە پێش، بەڵام ئێستا ئامادەن زۆر زیاتر لەوە بکەن کە ساڵێک پێش ئێستا ئامادەنەبوون بۆی. ئەنجامەکان رەنگە خەڵک تووشی سەرسوڕمان بکەن."
 
ئەم لێدوانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە چەند مانگی رابردوودا گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، هێشتا دەرگای بۆ بژارەی دیپلۆماسی و گەیشتن بە رێککەوتن بە کراوەیی هێشتووەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە