لە ژێر پارێزگاری ئاسایشی ڕۆژاڤادا هێزەكەی دیمەشق گەیشتە حەسەكە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  220 جار خوێنراوەتەوە

هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا كەمێك پێش ئێستا لە ژێر پارێزگاری ئاسایشی ڕۆژاڤادا چونە ناو شاری حەسەکەوە ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق،

ژمارەیەک لە ئەندامانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاتیی سوریا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کانتۆنی جەزیرە، چونە ناو شاری حەسەکە لە کانتۆنی جەزیرە.

هاتنی ئەندامانی وەزارەت لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 30ـی (کانونی دوەم/1)ی ڕابردو دێت، کە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا واژۆ کراوە. ئەو هێزانە ڕویان لەو شوێنانە کرد کە پێشتر لە نێوان هەردوولادا لە ناو شاری حەسەکە لەسەری ڕێککەوتبوون.

بەگوێرەی میدیاكانی ڕۆژاڤای كوردستان، چاوەڕوان دەکرێت لە ساتەکانی داهاتودا بەیاننامەیەکی هاوبەش لەلایەن هەردولاوە بڵاوبکرێتەوە.

ڕۆژی هەینیی رابردو (30ی 1ی 2026)، دەسەڵاتدارانی دیمەشق و هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، گەیشتنە ڕێککەوتنێکی "هەمەلایەنە" بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەر بە دەوڵەتی سوریا، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەک پێکدادان لە نێوان هەردولادا.

ڕێککەوتنەکە بریتییە لە "کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەرکەوتن و هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناو ناوەندەکانی حەسەکە و قامیشلۆ".

هەروەها مەرجی "تێکەڵکردنی وردە وردە"ی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوە ئیدارییە کوردییەکان لە چوارچێوەی هەیکەلی دەوڵەتی سوریا و دامەزراندنی لیوای سەربازیی کوردی لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی سوپای سوریادا دیاریکردوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە