ئامانجی سەردانی شاندی شیعەکان بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا بوو
2 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەولێرە و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان ئەوەیە "هانی یەکێتى و پارتى بدەن بگەنە رێککەوتن لەبارەى کاندیدی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی عێراقیش چاوەڕێی ئەنجامی ئەو سەردانە دەکات تاوەکو رۆژی دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری بکەن، جەختیان لەوەشکردووتەوە نابێت ئەو هەڵبژاردنەکە لە رۆژی 8ی شوبات تێپەڕێت.
شاندەکەی چواچێوەی هەماهەنگی شیعەکان پێکهاتوون لە محەممەد شیاع سوودانی، هادی عامری و موحسین مەندەلاوی و لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی و لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە.
عامر فایز، سەرۆکى هاوپەیمانیى تەسمیم بە میدیای پارتی راگەیاندووە، شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دەستپێشخەرییەکی دیاریکراوی پێ نییە، بەڵکو سەردانەکە بۆ ئەوەیە بزانرێ لە کوێدا پرسەکە پەکی کەوتووە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار، تاوەکو چارەسەرێک بدۆزرێتەوە و بگەنە رێککەوتنێک.
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر ئەو دوو حیزبە کوردستانییە رێکنەکەون، ئەو پرسە لە پەرلەمانى عێراق بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە و چوارچێوەى هاوئاهەنگى بڕیارێکى یەکلاییکەرەوەى بۆ دەنگدان بە کاندیدی هیچ کام لەو دوو لایەنە نابێ.
بە پێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ دوو رۆژ بۆ کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکراوە ، ئەگەر سەردانى شاندنى چوارچێوەى هەماهەنگی بۆ هەرێمى کوردستان ئەرێنى بوو، 5 ى شوبات دەبێت، ئەگەریش ئەرێنی نەبوو، دانیشتنەکە لە 8ی شوبات بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 30 رۆژدا لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و ئەویش لە 15 رۆژدا کاندیدی سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق رابسپێرێت.
|