پرۆژە یاسای پاراستنی کورد پێشکەشی پەرلەمانی بەریتانیا دەکرێت
7 کاتژمێر پێش ئێستا
94 جار خوێنراوەتەوە
پەرلەمانتارێکی بەریتانیا پرۆژە یاسایەکی پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە و داوای پاراستنی مافە کلتوری و سیاسییەکانی کورد دەکات ، داواش لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات رۆڵی خۆی لە پاراستنی کورد ببینێت و هاووڵاتیانی سڤیل لە هەڕەشەکان بپارێزێت.
جێرمی کۆربین، سەرکردەی پێشووی پارتی کرێکاران و پەرلەمانتاری سەربەخۆ، بۆ پاڵپشتی کوردانی رۆژئاڤا پڕۆژەیاسای پاراستنی کورد پێشەکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد و 28 پەرلەمانتاریش ئیمزایان لەسەر پرۆژە یاساکە کردووە.
پرۆژە یاساکە، داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکات رۆڵی دیپلۆماسی خۆی بگێرێت دژی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر کوردانی رۆژئاڤا، هەروەها داواش دەکات مافە سیاسییەکانی کورد لە دەستوری نوێی سوریادا بچەسپێنرێت.
پرۆژە یاساکە، داواکارییەکانی کورد لەخۆی دەگرێت و پاڵپشتیان دەکات، وەک دانپێدانان بە مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد، هەروەها بەپێویستیشی دەزانێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار لە سوریا بکات، بۆ ئەوەی کورد ناسنامە و ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاڤا پارێزراو بێت.
لەلایەکی دیکەوە، جێرمی کۆربین لە پەیامێکیدا کە ئاراستەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، داوای کردووە بەریتانیا پشتگیری لە ئاگربەست و رێککەوتنی حکومەتی سوریا و نوێنەرانی کورد بکات و هاووڵاتیانی سڤیل لە کۆچپێکردنی زۆرەملێی تۆڵەکردنەوە و رفاندن بپارێزێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ليندسی گراهام سيناتۆری کۆمارييەکان و ڕيچارد بلومێنتاڵ سيناتۆری ديموکراتەکان، رۆژی 29ی1ی2026، پڕۆژە ياسايەکيان لەژێر ناونيشانی (ياسای پاراستنی کوردەکان) پێشکەشی ئەنجومەنی پيرانی ئەمريکا کرد، کە سزا بەسەر حکومەتی سوریا و هەرتاکێکی بیانیدا دەسەپێنێت کە هێرش بکاتە سەر کوردانی رۆژئاڤا.
|