عەلی خامنەیی: لەگەڵ خەڵکی ناڕازی قسە دەکرێت، نەوەک ئاژاوەگێڕان
2026-01-03
105 جار خوێنراوەتەوە
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێک لە خۆپێشاندەرانی ئێران بە ''ئاژاوەگێڕ'' ناودەبات و دەڵێت، ''بەکرێگیراوی دووژمن''ن. ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ خۆپێشاندەران و ناڕازییانی وڵاتەکە قسە دەکەن.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ کەسوکاری کوژراوانی جەنگی 12 رۆژەی نێوان تاران و تەلئەبیڤ، ئاماژەی بە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ''ئێمە بازاڕ باش دەناسین بەناوی بازاڕ و کاسبکارانەوە ناتوانرێت رووبەڕووی کۆماری ئیسلامی و سیستمی ئیسلامی ببنەوە.''
خامنەیی پشتڕاستی کردەوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی ئێران هەیە و وتی، ''بەڵێ؛ ئەو گردبوونەوانە زۆربەیان لەلایەن کاسبکارانەوە بوون؛ قسەکانیان قسەیەکی راست بوو. من دەزانم کە سەرۆککۆماری بەڕێز و بەرپرسانی دیکەی باڵای وڵات، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان.''
نزیکەی هەفتەیەکە مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران بەهۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن بەردەوامە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ وڵاتێک وتی، ''هەڵبەت کێشەکە دەستی دووژمنیشی تێدایە. بەرزبوونەوەی بەهای دراوی بیانی و ناجێگیرییەکەی سرووشتی نییە، ئەمە کاری دووژمنە.''
عەلی خامنەیی وتی، پێویستە بە رێکاری جۆراوجۆر رێگری لە ناجێگریی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن بکرێ، ''ناڕەزایی کاسبکاران لەسەر ئەم بابەتە بوو. ئێستا سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەسەڵاتەکانی دیکە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.''
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێک لە خۆپێشاندەرانی بە ئاژاوەگێڕ ناوبرد و وتی، ''کۆمەڵێک کەسی هاندراوی بەکرێگیراوی دووژمن لە پشتی بازاڕییەکانەوە دژی ئیسلام، ئێران و کۆماری ئیسلامی درووشم دەڵێنەوە. ناڕەزایی جیاوازە لە ئاژاوەگێڕی.''
وتیشی، قسە لەگەڵ کاسبکارانی ناڕازی دەکرێ و ''دەبێ بەرپرسان لەگەڵ ناڕازییان قسە بکەن، بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئاژاوەگێڕ سوودی نییە. دەبێ بە تووندی رووبەڕووی ئاژاوەگێڕان ببنەوە.''
بەوتەی رێبەری ئێران، کۆمەڵێک خەڵک بە ناونیشانی جیاوازەوە، بە مەبەستی تێکدان و نائارامکردنی وڵاتەکە ''دەکەونە پشت کاسبکاران، بۆ ئەوەی ناڕەزاییەکە بقۆزنەوە و ئاژاوە بنێنەوە. ئەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.''
عەلی خامنەیی وتی، ''دەبێ کاری دووژمن بناسرێتەوە، چونکە بە ئارامی دانانیشێت و هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە. ئێمە لە بەرامبەر دووژمندا پاشەکشە ناکەین و دووژمن دەخەینە سەر ئەژنۆ.''
قسەکانی رێبەری ئێران لەکاتێکدان، هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا رایگەیاند، "ئەگەر ئێران بە شێوەیەکی تووندوتیژ خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێ، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانایانەوە دەچێ. ئێمە چەکبەدەست و ئامادەین بۆ جووڵە."
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران لە ئێوارەی یەکشەممە 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە کە لە هەندێک شار گرژی تێکەوتووە.
|