لە هەولێر فێستیڤاڵی ئەدەبیی کوردستانی گەورە سازکرا

2   کاتژمێر پێش ئێستا  21 جار خوێنراوەتەوە

بە هۆزانێکی کرمانجی، خەیاڵی ئامادەبووان بۆ کوچە و کۆڵانەکانی عەفرین و رۆژئاوای کوردستان دەبات. تارا ئیبۆ، ئەو خانمە شاعیرەی 13 ساڵە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە، وەک نوێنەری رۆحی برینداری عەفرین بەشداریی فێستیڤاڵەکەی کردووە. ئەو پێیوایە لەم سەردەمەدا، شاعیربوون تەنیا نووسینی وشە نییە، بەڵکو پاراستنی ناسنامەیە لەبەردەم سڕینەوەی تەکنەلۆژیا.
 
ئەمینی، شاعیر بە ٧ڕۆژی وت: "ئاڵنگاریی زۆرن، بەس لە کۆتاییدا خەڵک خۆیان شاعیرە رەسەن و جواننووسەکان دەناسنەوە."
 
ئەم فێستیڤاڵە کە پارساڵ بەهۆی کۆرۆنا یان بارودۆخەوە بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو، ئەم ساڵ بە مەیدانی لە هەولێر گەرموگوڕییەکی تری بە دونیای ئەدەب بەخشی. بەڵام زۆربەی ئەو شاعیرانەی لەم هۆڵەدا کۆبوونەتەوە، نیگەرانییەکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە؛ ئەویش پاشەکشەی خوێنەری کتێب و زاڵبوونی سۆشیاڵ میدیا و ژیریی دەستکردە بەسەر هەستی مرۆڤ دا.
 
ئەمینی، شاعیر رایگەیاند: "تەکنەلۆژیا کاریگەرییەکی زۆر خراپی هەبووە لەسەر نووسەر، چونکە ئەگەر سەیر بکەین ئەو نووسەرە کۆنانەی کە کتێب و نووسین و بەرهەمیان هەبووە، بە فیکر و بیرۆکە و هەستی خۆیان نووسیویانە، بەڵام ئەگەر سەیری نووسینەکانی ئێستا بکەین زۆربەیان بەیەکدی دەچن و ئەوەش کاریگەریی ژیریی دەستکردە."
 
گۆڕانی چێژی خوێنەر و دوورکەوتنەوەی نەوەی نوێ لە فەلسەفە و ئەدەبی قووڵ، برینێکی تری سەر جەستەی شیعرە. ناسح خارگێلانەیی، لەنێو کتێبخانە گەورەکەی ماڵەکەی دا، هەمان ئەو ململانێیەی هەیە کە لە شەقامی ئەدەبی دا دەبینرێت.
 
ناسح خارگێلانەیی، شاعیر باس لەوە دەکات "من ئێستا منداڵم هەیە لە ماڵەوە، ئەوەندە خەریکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، ئەوەندە خەریکی ئەو کتێبانەی نێو کتێبخانەکەی من نین. من کتێبخانەیەکی گەورەم هەیە لە ماڵەوە، زۆر لێیان دەپاڕێمەوە بابە بڕۆ کتێبێکی فەلسەفی دەرکە بۆ ئەوەی خۆت بناسی و بۆ ئەوەی خەڵک بناسی."
 
ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە، تەنیا رەخنەگرتن نییە، بەڵکو کۆکردنەوەی 170 شاعیری هەر چوار پارچەی کوردستان بوو لەژێر چەترێکی ئەدەبی دا، تاوەکو نیشانی بدەن کە زمان و شیعر هێشتا دەتوانن سنوورە دەستکردەکان ببەزێنن.
 
رزگار چاوشین، رێکخەری فێستیڤاڵەکە بە میدیاکانی راگەیاندووە: "170 شاعیر بەشداری کردووە و لەو ژمارەیە 95 هاتوونەتە پێشبڕکێ، لەو 95 دانەیە 32ـیان هاتوونەتە قۆناغی کۆتایی و یەکەم و دووەم و سێیەممان هەڵبژاردووە."
 
فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی زیاتر لە 50 شاعیر و نووسەر کۆتاییهات. ئەگەرچی تەکنەلۆژیا هەڕەشەیەکی جدییە، بەڵام دەنگە جیاوازەکانی نێو ئەم هۆڵە دەڵێن: تا ئەو کاتەی "هەست و خەیاڵی مرۆڤ" مابێت، هیچ ژیرییەکی دەستکرد ناتوانێت جێگەی لێدانی دڵی شاعیرێکی رەسەن بگرێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە