کار بۆ زیندووکردنەوەی دەنگی ژن لە هونەری کوردی دا دەکرێت
51 خولەک پێش ئێستا
13 جار خوێنراوەتەوە
گرووپی کۆڕی موکریان، کە لە 85 کچ و ژنی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە، بە سەرپەرشتیی هونەرمەند سەڵاح خزری، یەکەم بەرهەمی خۆیان بە ناوی (خوایە وەتەن ئاواکەی) بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
سەڵاح خزری، سەرپەرشتیاری گرووپەکە، رایگەیاند، ئامانجیان لە دامەزراندنی گرووپەکە "ناساندنی رۆڵی ژنە لە میوزیک و ئەدەبی زارەکیی کوردیدا، چونکە ژن لە ئەدەب و هونەری کوردیدا بەردەوام رۆڵێکی باڵای هەبووە".
خزری وتیشی: "گرووپەکە لە 85 ئەندام پێکهاتووە کە کچ و ژنن و تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 85 ساڵدایە. هەموویان فێرخوازی فێرگەی میوزیکی ژیلەمۆن لە مەهاباد و هەفتانە راهێنان وەردەگرن".
سەرپەرشتیاری گرووپەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی زۆر لە حەیران و گۆرانیی کوردی هەن کە بەهۆی ناوەڕۆکەکەیانەوە بۆ پیاو گونجاو نین و دەبێت ژن بیانڵێتەوە، وەک بەرهەمی (لانک لانک لانکۆڵێ)، (وامەکە دایکم دیارە)، لەگەڵ هەندێک لایەلایە و بەیت کە تایبەتن بە ژنان.
سەڵاح خزری روونیکردەوە، هەرچەندە یەکەم بەرهەمی گرووپەکە نەتەوەیی بوو، بەڵام "لە داهاتوودا کار لەسەر ئەو بەرهەمانە دەکەین کە تایبەتن بە ژنان و بە دەنگی ئەندامانی گرووپەکە تۆمار دەکرێن". گوتیشی، پلانیان هەیە کاری زیاتر لەسەر گرووپەکە بکەن و بیکەنە یەکێک لە گەورەترین گرووپەکانی تایبەت بە خانمان.
گۆرانیی (خوایە وەتەن ئاواکەی) لە ستۆدیۆی ژیلەمۆ تۆمارکراوە، سەڵاح خزری سەرپەرشتی دەنگ و دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە.
(خوایە وەتەن ئاواکەی) یەکێک لە هۆنراوەکانی فایەق بێکەس، شاعیری ناسراوی کوردە و پێشتر بە دەنگی هونەرمەند محەممەد ماملێ و مستەفا دادار و چەندین هونەرمەندی دیکە گوتراوە.
|