قۆناغی یەکەمی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ دەستیپێکرد

1     کاتژمێر پێش ئێستا  27 جار خوێنراوەتەوە

قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵدا دەستپێکرد و ئەمڕۆ 639 خێزانیان قەرەبوو دەکرێنەوە، سەرپەرشتیاری کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ-یش رایدەگەیەنێت: لیژنەیەکی دیکەی سکاڵامان پێکهێناوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی سەردان نەکراون یاخود پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە، تاوەکو ئەوانیش بێبەش نەبن لە وەرگرتنی قەرەبووەکە.

عەتا محەمەد سەرپەرشتیاری کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵدا دەستپێکرد، کە ژمارەیان 639 خێزانە و پرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت و تیمێکی پرۆتۆکۆڵی ئیدارەی پرۆسەکە دەدات و لەڕووی ئەمنیشەوە کۆنترۆڵی ناوچەکە کراوە.

وتیشی: زیانلێکەوتووان فۆڕمیان بۆ پڕکراوەتەوە و بەپێی زیانەکانیان قەرەبوویان دەدرێتێ و سەرجەم چەکەکان ئامادەن و بانکەکان تا سەعات 12:00ی ئەمشەو کراوەن.

عەتا محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کەسێک نەیتوانی ئەمڕۆ ئامادەبێت قەرەبووەکەی نافەوتێت و دوو هەفتەی تر لیژنەکانمان دادەنیشنەوە و دەتوانن ئەو رۆژە سەردان بکەن، هاوکات لیژنەیەکی دیکەی سکاڵامان پێکهێناوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی سەردان نەکراون یاخود پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە، تاوەکو ئەوانیش بێبەش نەبن لە وەرگرتنی هاوکارییەکان.

سەرپەرشتیاری کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ راشیگەیاند: سەبارەت بە زیانی ئۆتۆمبێل و دوکانەکان خەمڵاندنەکانیان تەواوبووە و لەئێستادا بۆردی چاودێری پیداچوونەوەی دەکات و دوای تەواوبوونی رێککارەکان بەهەمان میکانیزم قەرەبوو دەکرێنەوە.

ئەمەشلەکاتێکدایە، هاوکارییەکان لە 400 هەزارەوە دەستپێدەکات ، بۆ شەش ملیۆن دینارى عیراقى و بڕیارە لەپرۆسەکەدا هەزار و 302 خێزان لە رێگەی چەکی بانکییەوە قەرەبوو بکرێنەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە