مەرجی نوێ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دانرا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆ مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی راگەیاند، کە لەمەودوا قەدەغەکردنی مۆدێلی ساڵانە لە 1ـی مانگی 11ـەوە دوو مانگ پێش دەخرێت. راشیگەیاندووە، هاوردەکردنی ماتۆڕسکیلی دوو تایە و سێ تایە بۆ چوار ساڵی داهاتوو قەدەغەیە و "هاوردەکردنی توک تۆک بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێنماییەکەدا چەندین خاڵی خستووەتەڕوو، بازرگانێکی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی گەورە دەڵێت، یەکێک لە خاڵەکان پێچەوانەی رێنمایی پێشووە و ئەوان ژمارەیەک میکسەریان هاوردە کردووە و لە رێگەدایە و بەگوێرەی بڕیاری نوێ رێگەیان نادرێت بیهێننە هەرێمی کوردستانەوە.
مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک بە ناونیشان و ژمارەی "رێنمایی ژمارە 14ـی ساڵی 2025" کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، (رێنمایی مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو)ی بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
وەزارەتی ناوخۆ چەند مەرجێکی بۆ هاوردکردنی ئۆتۆمبێل راگەیاندووە، کە ئەمانەن:
- شاسی بڕاوە نەبێت.
- ژێرئاو کەوتوو نەبێت.
- سووتاو نەبێت.
- بڕوانامەی (COC) هەبێت.
- ئۆتۆمبێلی ساڵۆن، ستەیشن، بارهەڵگر (1 تەن و 2 تەن و 3 تەن) و کرێ کە مەتر لە 25 سەرنشین؛ دەبێت بە لایەنیکەم دوو (ئێرباگ)ی هەبێت (لای شوفێر و تەنیشت شوفێر) و کار بکات.
- ئامێری (ABS) هەبێت و کار بکات.
- دەبێت ئەگزۆزی ئۆتۆمبێلەکە سندوقی (CATALYTIC CONVERTER)ی تێدابێت بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە.
- سیستمی (ABS) یان هاوشێوەی هەبێت بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە (4) تۆن زیاتر و کار بکات.
- ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر لە (25) سەرنشین زیاتر و بارهەڵگر لە (4) تۆن زیاتر و کشتوکاڵی و بیناسازی مەرج نییە ئێرباگی هەبێت.
- ئۆتۆمبێلی ستێرنی لای راست یان (محەوەر) هاوردەکردنی قەدەخەیە و تۆمار ناکرێت.
- ئۆتۆمبێلی جۆری تاکسی (ساڵۆن) سفر کیلۆمەتر هاوردە دەکرێت بە مەرجێک هەمان رەنگی رێگەپێدراو و کارپێکراو بێت لە کوردستان و بەپێی رێنمایی تۆمارکردنی تاکسی نوێ ژمارە (3)ی ساڵی 2025 دەکرێت بە تاکسی.
- ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو بۆ (پۆلیس و تاکسی) هاوردەکردنی قەدەخەیە و تۆمار ناکرێت.
- ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی تەواو کارەبایی و خانەی سووتەمەنی و هایبرید لە رەسمی گومرگی لە چوارچێوەی مۆدێلی رێگەپێدراو بەخشراون.
پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو:
- ئامێری سکانەر لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان دادەنرێت بە مەبەستی دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکان لە کاتی هاوردەکردن.
- ئامێری سکانەر لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دادەنرێت بە مەبەستی دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکان.
- لە کاتی دەرنەچوونی ئۆتۆمبێل لە پشکنینی سکانەر، خاوەن ئۆتۆمبێل بۆی هەیە ناڕەزایی پێشکێش بکات و دەبێت بە ئامێرێکی دیکەی سکانەر پشکنینی بۆ بکرێت و ئەنجامی دووەمی سکانەرەکە یەکلاکەرەوە دەبیت.
- ئەو ئۆتۆمبێلانەی دوای دوو پشکنینی سکانەر دەرناچن، خاوەنەکەی سەرپشک دەکرێت بیگێڕێتەوە یان بیبڕێتەوە لەسەر ئەرکی خۆی بۆ (4) چوار پارچە (بە مەرجێک کەڵکی نەمێنێت بۆ دووبارە لکاندنەوە و لێخوڕین) و رێگەی پێدەدرێت بە پارچەی یەدەگ بیفرۆشرێت.
- لیژنەیەکی هونەری لە دەروازە سنوورییەکان (پەروێزخان، باشماخ، ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران) و هەر دەروازەیەکی دیکەی سنووری کە لە ئایندەدا ئۆتۆمبێل لێ هاوردە دەکرێت، پێکدەهێندرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆتۆمبێلەکەبە پێی ئەو مەرجانەی کە لەم رێنماییە دیاری کراوە هاوردەکراوە.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی پارێزگاکانی (هەولێر، دهۆک، سلێمانی) بە مەبەستی پشکنینی هونەری ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان پێش تۆمارکردنیان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆتۆمبێلەکە بەپێی ئەو مەرجانەی کە لەم رێنماییە دیاری کراوە هاوردەکراوە.
- لیژنەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل کە لە بڕگەکانی (1, 2)ی سەرەوە دیاریکراون بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ئامێری سکانەری پشکنینی ئۆتۆمبێل لە دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ دادەنرێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بەپێی ئەم مۆدێلانەی خوارەوە دەبێت:
ئۆتۆمبێلی (ساڵۆن و ستەیشن): سێ مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە.
- ئۆتۆمبێلی پاس لە (25) سەرنشین و کەمتر: سێ مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە.
- ئۆتۆمبێلی پاس لە (25) سەرنشین زیاتر: نۆ مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە.
- ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر (1) تۆن: سێ مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە.
- ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر (3.2) تۆن: چوار مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە.
- ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر (4) تۆن و زیاتر: نۆ مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە.
- ئۆتۆمبێلی کشتوکاڵ و بیناسازی: 16 مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە.
- ئۆتۆمبێلی کشتوکاڵ و بیناسازی (الزراعیە): 19 مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە
- ئۆتۆمبێلی کەرەڤانە (مۆتۆرهۆم): 17 مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە.
- ئۆتۆمبێلی تایبەتمەندی (تخصصی) بە هەموو جۆرەکانییەوە وەک (تانکەر، کرێن، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، میکسەر و تاوەری پەمپی چیمەنتۆ و ئەمبوڵانس و ...هتد)، 11 مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە.
هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل بۆ ماوەی چوار ساڵ قەدەخە دەبێت و ئەو شێوازانەی رێگەی هاوردەکردنیان دەبێت مەرجیان بۆ دانراوە کە بڕیارەکە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
- هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل دوو یان سێ تایە قەدەخەیە بۆ ماوەی چوار ساڵ لە بەرواری بەکاربوونی ئەم رێنماییەوە.
- هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل (دوو تایە و تەواو کارەبایی و مۆدێلی ساڵ) تەنیا بۆ ئەم لایەنانەی رێگەپێدراوە. (فەرمانگەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی دلیڤەری کە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی گواستنەوەیان هەیە).
- هاوردەکردن و تۆمارکردنی (توک توک) بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
چەند مەرجێکی دیکە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل:
- ئۆتۆمبێلی کلاسیک لە جۆری (ساڵۆن و ستەیشن) هاوردەکردنی رێگەپێدراوە 50 مۆدێل بە مۆدێلی ساڵی دروستکردنییەوە؛ لە مەرجی ئێرباگ و (ABS) بەخشراون و بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای تۆمارکردنی کڕین و فرۆشتنی پێنەکریت.
- ئۆتۆمبێلی قەڵغان (درع) هاوردە دەکرێت بە پێی مەرجی ساڵ و مەرجە هونەرییەکان کە لەم رێنماییە دیاری کراوە بە رەزامەندی وەزیری ناوخۆ و بۆ ماوەی (5) ساڵ دوای تۆمارکردنی لەسەر ناوی هاوردەکار و کڕین و فرۆشتنی پێنەکرێت.
- ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت هاوردە دەکرێن لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت لە رەسماتی گومرگ و رەسماتی تۆمارکردن.
- مۆدێلی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو هەموو ساڵێک لە (9/1) دەگۆڕدرێت و لە 01-09-2026ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، سەرجەم رێنماییەکان لە سەرەتای ساڵی نوێ لە 01-01-2026ـەوە جێبەجێ دەکرێن.
|