د. بەرهەم ساڵح بە فەرمی بووە کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان

3   کاتژمێر پێش ئێستا  53 جار خوێنراوەتەوە

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هەڵبژێردرا. ئەو دەڵێت، بۆ خۆی رۆژگارێک پەنابەر بووە و دەزانێت چۆن پارێزگاری و هاوکاری دەتوانن ژیانی مرۆڤ بگۆڕن.
 
لە دوای راگەیاندنی هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستە باڵایە، د. بەرهەم ساڵح پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا شانازیی خۆی بە وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییە دەربڕی.
 
د. بەرهەم لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەزموونی پەنابەرێتیی خۆم هەوێنی بەرنامەی سەرکردایەتیم دەبێت لەسەر بنەمای هاوسۆزی، پراگماتیزم و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتییەوە."
 
کۆمیسیاری نوێی پەنابەران جەخت لەوە دەکاتەوە، لەپێشینەی کارەکانی، پاراستنی ماف و کەرامەتی ئەو کەسانە دەبێت کە بە زۆر ئاوارە کراون و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە دەدات "تاوەکو ئاوارەبوون کاتی بێت، نەک چارەنووسێکی هەمیشەیی."
 
د. بەرهەم ساڵح ئاماژە بەوە دەکات، لە سەردەمێکدا کە ژمارەی ئاوارەکان بێئەندازە زۆرە و گوشارێکی گەورە لەسەر سەرچاوەکانی هاوکاریی مرۆیی هەیە، کارکردن پێویستی بە دووپاتکردنەوەی کاریگەری و کراوەیی هەیە.
 
هەروەها سوپاسی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی گشتی دەکات بۆ متمانەپێکردنی. هاوکات ستایشی رۆڵی فیلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری پێشوو دەکات بۆ سەرکردایەتییەکەی لە ماوەی رابردوودا.
 
د. بەرهەم ساڵح دەڵێت: "پەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵ کارمەندانی UNHCR، دەوڵەتان و هاوبەشەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی کە لەگەڵ هیوا و ئاستەنگەکانی سەدەی 21دا گونجاو بێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە