سودانی: به‌لای بودجه‌ی سێ ساڵیدا ناچینه‌وه‌ و گۆڕانكاری ده‌كه‌ین

2   کاتژمێر پێش ئێستا  3 جار خوێنراوەتەوە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، جیاوازی لە پلەبەندی موچەی فەرمانبەراندا هەیە و پێویستە پێداچونەوەی پێدابكرێت و چارەسەر بکرێت، ده‌شڵێت، حکومەت کۆمپانیایه‌كی جیهانیی پەسەند کردوە بۆ چاکسازی لە کەرتی بانکی، هه‌روه‌ها وتی، ساڵانە زیاتر لە 22 تریلیۆن دینار لە کەرتی وزەدا خەرج دەکرێت.

محەمەد شیاع سودانی لەچاوپێكه‌وتنێكدا له‌باره‌ی دۆخی دارایی و بودجەی سێ ساڵە وتی، "بودجەی سێ ساڵە سەقامگیری لە خەرجیدا دابینکردوه‌ و بووە مایەی دڵنیایی لە دارایی پڕۆژەکان، جەختیشیکردەوە پێشبینی دەکەم لەمەودوا بەلای بودجەی سێ ساڵەدا نەچین".

سودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ساڵانە زیاتر لە 22 ترلیۆن دینار لەسەر کەرتی وزە خەرج دەکرێت، یه‌ده‌گی زێڕی عێراق لە 130 تۆنەوە بۆ 172 تۆن به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و ئاستی هەڵاوسان لە 7.5% بۆ 2.7% کەمبوه‌ته‌وه‌ و حکومەت توانیویەتی کەلێنی نرخی دراو کەم بکاتەوە.

محمەمەد شیاع سودانی ئەوەشی رونكرده‌وه‌، "کۆی قەرزی دەرەکی 10 ملیار و 56 ملیۆن دۆلارە و قەرزی دەرەوەی عێراق کەمترینە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە، پێداچونەوە بە گرێبەستەکانی پێشوی کارەبا 43%ـی لە تێچوی پێشو پاشەکەوت کردوە".

ئه‌وه‌شی وت، "ژمارەی فەرمانبەران لە ساڵی 2025دا چوار ملیۆن و 550 هەزارە و ژمارەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دو ملیۆن و 960 هەزارە، کاتی ئەوە هاتوە کە پێداچونەوە بە جیاوازییەکانی پلەبەندی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بکرێت، یاساکانی موچە 34 یاسا و بڕیاری تایبەت هەیە کە پەیوەندییان بە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتەوە هەیە و پێویستە هەموار بکرێن".

سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، "حکومەت کۆمپانیای جیهانیی پەسەند کردوە بۆ چاکسازی لە کەرتی بانکی، مەیلمان بۆ سەقامگیری لە جێگیرکردنی نرخی دراوە و گۆڕینی بە بەردەوامی ناکەین".

له‌ باره‌ی وزە و وەبەرهێنان سه‌رۆك وه‌زیران وتی، "سوتاندنی گازی هاوەڵ ساڵانە دەبوە هۆی لەدەستدانی 5 ملیار دۆلار، پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ گەیشتوونەتە 72%".

له‌ باره‌ی هەناردەکردنی گاز، سودانی ده‌ڵێت، "بۆ یەکەمجارە عێراق گاز هەناردە دەکات بە واژۆکردنی گرێبەستی 100 هەزار تۆن".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە