قوباد تاڵەبانی: چاوپۆشی لە کەمتەرخەمییەکان ناکەین
3 کاتژمێر پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: ئەولەوییەتی سەرەکیمان پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی بریندارەکانە، دووپاتیشی کردەوە: لیژنەی لێکۆڵینەوە لە لافاوەکەی چەمچەماڵ پێکهێنراوە و چاوپۆشی لە کەمتەرخەمییەکان ناکەین.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوای سەردانی بۆ چەمچەماڵ و بەدواداچوون بۆ کەموکورتی و زیانەکانی لافاوەکەی دوێنێ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە بەدواداچوون و لێکەوتەکانی روداوەکە کرد و رایگەیاند: ئێمە دەبێت راستگۆ بین، ئەمە کارەساتێکی سروشتی لەناکاوی چاوەڕوان نەکراو بوو، کە لە ماوەی 24سەعاتدا 127 ملم باران باریوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا نابێت چاومان بپۆشین لە کەمتەرخەمییەکان، ئێمە ئێستا لە لێکۆڵینەوەداین و لیژنەیەکی دیکەمان پێکهێناوە، بۆ ئەوەی هۆکاری رووداوەکە و بەرگرتن لە رووداوی هاوشێوە بزانین، بێگومان هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت سزا دەدرێت، بەڵام نامەوێت پێش لێکۆڵینەوەکان بکەوم، نەک لێکۆڵینەوەیەکی میزاجی، بۆ ئەوەی راست و دروستی رووداوەکە دەربکەوێت.
راشیگەیاند: ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە هەموومان چەمچەماڵی بین، داواکارم هەمووان هاوکاری یەکدی بین، کەشێکی ئارام هەبێت، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کارەکانیان ئەنجام بدەن و لە ئێستادا پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ کەسێک راناکێشین.
لە بارەی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیش، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە ئێستادا کۆمەک و پارە بۆ زیانلێکەوتووان لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خێرخوازان و رێکخراوە ناحکومییەکان کۆکراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە سندوقێکی هاوکاری دروستدەکەین و لەوێوە بە دادپەروەری قەرەبووی ئەوانە دەکرێنەوە کە زیانیان پێگەیشتووە.
پەیوەست بە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئێمە بەدیلی ئاوی چەمچەماڵمان دابین کردووە و ئاوی پاکمان بۆ دانیشتوان دابین کردووە، تا ئاوی دوکان سلێمانی بەکاردەخرێتەوە، بەڵام کاری لە پێشینەمان پاراستنی ژیان و چارەسەرکردنی بریندارەکان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری سەرەتایییە، پاشان دوکاندار و خاوەنکارەکانە، دواتر دێینە سەر دام و دەزگاکان.
پەیوەست بە بوونی هەر کەموکورتییەک کە بووبێتە هۆی دروستبوونی لافاوەکە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەرێگەی لیژنەی لێکۆڵینەوەوە کەموکورتییەکانیش دیاریدەکرێن، ئەگەر هەر کەموکورتییەک لە چەمچەماڵ هەبێت، بێگومان چارەسەر دەکرێت، هەروەها کەموکورتی ئامێرەکانیش بە سندوقی هاوکارییەکان دابینى دەکەین.
وتیشی: ئەم رووداوە پێویستی بە کاری پێکەوەییە، بۆ ئەوەی هەموو هێز و تواناکان کۆبکاتەوە، کە هێز و گیرفانی حکومەت و کەرتی تایبەت و رێکخراوە ناحکومییەکان کۆکراوەتەوە، بۆ ئەوەی هەریەکە و لای خۆیەوە کاری خۆی جێبەجێبکات، بێگومان حکومەتی رۆڵی سەرەکی دەبینبێت.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم دووپاتی کردەوە، کە سزای کەمتەرخەمەکان دەدات و رایگەیاند: ئەوەی کەمتەرخەم بووە من گەرەنتی دەدەم و سزای دەدەم، ئەوەشی کاری باشی کردووە، پاداشتی دەکەین.
قوباد تاڵەبانی ، سوپاسی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی کرد، لە هێزی پێشمەرگە و کۆماندۆ و ئاسایش و پۆلیس، کە زۆر بە جوامێرانە هاوکاری خەڵکیان کردووە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپەوە رایگەیاند: پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە، پرۆژەیەکی ستراتیژییە و پارەدانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی کارەکانی خێراتر بکرێت.
|