داواكاری گشتی توركیا داوای حەوت ساڵ زیندانیكردنی دەمیرتاش دەكات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
لەكاتێكدا هەموان چاوەڕوانی ئازاكردبونی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوی هەدەپە دەكەن، بەڵام دانیشتنێكی دیكەی دادگاییكردنی لە مێرسین بەڕێوەچو بە تۆمەتی"سوکایەتیکردن بە سەرۆک" زیاتر لە جارێك و داواکاری گشتی داوا دەكات لە ساڵێک و سێ مانگەوە تا حەوت ساڵ زیندانی بکرێت. هەروەها دەمیرتایش بەشداری دانیشتنەكەی نەكرد.
بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندانی داخراوی ئەدرنە بەندکراوە، بەشداری دانیشتنەکەی بازنەی 14ی دادگای ئاسایشی گشتی لە مێرسین نەکرد و پارێزەرەکەی نوێنەرایەتی دەکرد. دادوەر بڕیاریدا دۆسیەی دو سکاڵا دژی دەمیرتاش یەکبخات کە پەیوەست بون بە وتارەکانی لە شارەکانی مێرسین و دیاربەکر (بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆک)، بەڵام داواکاریی یەکخستنی دۆسیەکانی پەیوەست بە لێدوانەکانی لە ئەنقەرە و ماردین ڕەتکردەوە.
پارێزەری سکاڵاکار، کە لە ڕێگەی سیستەمی دەنگ و ڕەنگەوە بەشداری دانیشتنەکە بو، داوای کرد دەمیرتاش بۆ هەر کردارێک بە جیا سزا بدرێت، نەک بە شێوەی زنجیرەیی و پەیوەست بە یەکەوە. لای خۆشیەوە پارێزەری دەمیرتاش (کە لە ساڵی 2016ـەوە دەستگیرکراوە)، داوای مۆڵەتی کرد بۆ ئامادەکردنی بەرگری لە بریگرەکەی.
دوای گوێگرتن لە وتەکان، دادوەر هۆشداریدا کە ئەگەر دەمیرتاش لەسەر هەڵوێستەکەی ئێستای بەردەوام بێت و بەشداری دانیشتنی داهاتو نەکات، ئەوا "وا دادەنرێت کە مافی بێدەنگبونی بەکارهێناوە"، و دانیشتنەکەی بۆ 6ی (کانونی دوەم/1)ـی داهاتو دواخست.
دادگاییكردنی نوێی دەمیرتاش، لەکاتێکدایە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەم دواییانەدا تانەی تورکیای لەسەر بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش ڕەتکردەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕاپۆرتەکان باس لە ئەگەری ئازادکردنی دەمیرتاش دەکەن لە سایەی دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەری قەیرانەکان کە قۆناغێکی باشی بڕیوە.
|