بارەگای بارزانی: کاتی ئەوەیە هەنگاوی جدی بگیرێتەبەر
2 کاتژمێر پێش ئێستا
258 جار خوێنراوەتەوە
بارەگای بارزانی سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و رایدەگەیێنێت، پێشتر زۆرجار ئەو هێرشانە ئیدانە کراون، بەڵام "هیچ ئیجرائاتێک نەکراوە"، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی جددی بنرێت و ئەنجامدەرانی سزا بدرێن.
بارەگای بارزانی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین. ئەم هێرشە دژی ژێرخانی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو هاووڵاتییانە."
بارەگای بارزانی رەخنە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکانی پێشوو دەگرێت و دەڵێت: "سەرباری ئەوەی کە پێشتریش ئەو جۆرە هێرشە ناڕەوایانەی سەر هەرێم زۆرجار ئیدانە کراون، بەڵام تەنیا ئیدانە بووە و لەبەرامبەر ئەنجامدەراندا هیچ ئیجرائاتێک نەکراوە و ئەو هێرشانە دووبارە بوونەتەوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، بارەگای بارزانی داوای کۆتاییهێنان بەو دۆخە دەکات و رایدەگەیێنێت: "کاتی ئەوە هاتووە کە لەبەرامبەر ئەم دەستدرێژی و هێرشە ناڕەوایانەدا هەنگاوی جددی و عەمەلی بگیرێتەبەر و کۆتایی پێ بهێنرێت و ئەنجامدەرانیان سزا بدرێن."
شەوی رابردوو (چوارشەممە، 26-11-2025) هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، کە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
|